له‌ سنوورى خورماتوو به‌ هۆى هه‌ڕه‌شه‌ى داعشه‌وه‌ ژماره‌يه‌ك گوند چۆڵكراوون

بوونەتە ھۆکاری ئاوارە بوونی چەندین خێزانی کوردی گوندە کوردیيەکان

K24 – خورماتوو:

چەکدارانی داعش لە سنووری قه‌زاى خورماتوو، ناوچەی داوودە و زنجيره‌ چياكانى حه‌مرين بوونەتە ھۆکاری ئاوارە بوونی چەندین خێزانی کوردی گوندە کوردیيەکان و جموجۆڵيان ده‌ستپێكردووه‌ته‌وه‌.

فەرماندەکانی پێشمەرگەش له‌ ناوچه‌كه‌ دەڵێن ژمارەی ئۆپراسيۆنەکانی ھێزی پێشمەرگە به‌ پشتيوانى بە ھێزی ھاوپەیمانان بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش  زیاد دەکرێت و  ھۆکاری زیاد بوونی جوڵەی چەکدارانی داعش بۆ لاوازی ھێزە ئەمنیيەکانی عێراق دەگەڕێتەوە.

بەھۆی ئەو بۆشاییە ئەمنیەی لە دوای شانزەی ئۆکتۆبەرەوە لەو ناوچانە درووست بووە، كه‌ پێشمەرگە پاشەکشەی تێدا کردووە و کەوتوەتە دەست ھێزە ئەمنیيەکانی عێراق چەکدارانی داعش بە ئاسانی بەوناوچانەدا ھاتووچۆ دەکەن و کردەوەی تیرۆرستی ئەنجام دەدەن.

پێکھاتەکانی ئەوناوچانەش چاویان لەوەیە جارێکی دیكە ھێزەکانی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەکانیان و ئاسایشیان بۆ دابین بکات.