دروستکەرێکی چەکی کیمیایی داعش چەند نهێنییەک ئاشکرا دەکات
ئێستا لە شاری هەولێر زینداییە
K24 – ههولێر:
زانایەکی بواری زەویناسیی و کیمیاگەر دەڵێت چەکی کیمیایی لە گازی خەردەل بۆ داعش دروست کردووە و ئەو جۆرە گازەش دژی خەڵکی مەدەنی و سەربازیی لە عێراق و سووریا بەکارهاتووە.
سولەیمان ئەلفاری تەمەن 52 ساڵ پێش هاتنی داعش لە شاری مووسڵ لە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان کاری دەکرد، پاشان لە ساڵی 2014، لەگەڵ کۆنتڕۆڵکردنی مووسڵ، داعش دەست بەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکەی دەگرن.
رۆژنامەی واشنتن پۆستى ئەمەریکی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سولەیمان کردووە کە لە ساڵی 2016ەوە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە دەستگیرکراوە و ئێستا لە هەولێرە.
لەبارەی کارەکانی دەڵێت: "ئایا من پەشیمانم؟ نازانم ئەگەر ئەو وشەیە بەکاربهێنم. ئەوان بوون بە حکومەت و ئێمە کارمان بۆ ئەوان دەکرد".
دەشڵێت: "ئێمە دەمانویست کار بکەین، تاکو مووچەکانمان وەربگرین".
ئەو دروستکەرەی چەکی کیمیایی داعش دەڵێت، داعش زۆری لەکەس نەکردووە، بەڵام ئەو ماوەتەوە تاکو کارەکەی لەدەست نەدا.
سولەیمان ئەلفاری یەکێکە لەو چەند کەسە کەمەی یارمەتی دروستکردنی چەکی کیمیایی داعشی داوە و لە ژیان ماوە.
دوو هەفتەی دوای داگیرکردنی مووسڵ، بەرپرسانی داعش دەچنە لای ئەو کیمیاگەرە و پێی دەڵێن دەبێت گازی خەردەل (گۆگرد) دروستبکات بۆ ئەوەش دەتوانێت سوود لە تاقیگەکانی زانکۆی مووسڵ ببینێت.
ئەو ئەندامەی داعش دەڵێت، ئەو زانیویەتی کە داعش ئەو گازەی بۆ دوو مەبەست بەکارهێناوە، یەکێکیان رێگری کردن لە گەڕانەوەی سوپای عێراق و ئەوی دیکەیان بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ بووە.
"بۆ داعش زۆر گرنگ بوو شتێک دروست بکات کە خەڵک بترسێنێت و کاریگەری لەسەر سایکەلۆژیای خەڵک دروست بکات، تاکو کەس ئازایەتیی ئەوەی نەبێت جەنگی دژ بە داعش بکات" سولەیمان ئاشکرایکردووە.
لەبارەی ئەو کەسانەی فەرمانیان پێ دەدا و یارمەتییان دەدا لە ناو داعش دەڵێت: "زۆربەیان کەسی نەخوێندەوار و بێ ئەزموون بوون، بڕوا ناکەم هیچ شتێکییان بە تەواوی ئەنجام دابێت".
لە ماوەی چەند ساڵی جەنگی دژ بە داعش، سەدان کەس لە هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتی بە چەکی کیمیایی و قەدەغەکراو کوژران.
رێکخراوی داعش ئەو چەکانەی لە ساڵی 2016 لە عێراقەوە بۆ سووریا گواستەوە، بەڵام تاکو ئێستا نەدۆزراونەتەوە.
H.J