وێنە.. ئەو یاریزانە بە رەسەن عێراقییەی بووە هۆی کرانە دەرەوەی عێراق وەڵامی رەخنەکان دەداتەوە
بەسام راوی دوای تۆمارکردنی گۆڵەکەی ئاڵای قەتەری ماچکرد
بەو گۆڵەی شەوی رابردوو تۆماریکرد، بەسام راوی بووە هۆی ئەوەی لەلایەن عێڕاقییەکانەوە نەفرەتی لێبکرێت و بە خۆفرۆش و بێوەفا تۆمەتبار بکرێت، چونکە بەهۆی ئەم گۆڵەوە عێراق لە جامی ئاسیای 2019 لە قۆناخی 16 کرایە دەرەوە.
بەسام راوی دووەمجار بوو لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا لە ئیمارات بە لێدانی راستەوخۆ گۆڵ بکات، لە قۆناخی کۆمەڵەکانیش بەرامبەر لوبنان بە لێدانێکی راستەوخۆی سەرنجڕاکێش گۆڵێکی بۆ قەتەر کرد، بەڵام لە عێراق کەس ئەو گۆڵەی لەبیر نەبوو، تاکو هەمان سیناریۆی دژی شێرەکانی رافیدەین دووبارەکردەوە و بە لێدانێکی راستەوخۆ دڵی داخ کردن.
بەسام راوی کە بە رەسەن عێراقییە و ساڵی 1997 لە بەغدا لەدایکبووە، لەوەتەی ساڵی 2015وە لە ریزی هەڵبژاردەی لاوان و ئۆڵمپی و هەڵبژاردەی یەکەمی قەتەڕ یاریی دەکات و کوڕی هیشام راوی یاریزانی بەناوبانگی پێشووی یانەکانی تەڵەبە و زەوڕایە.
دوای تۆمارکردنی گۆڵەکەی بە لێدانی راستەوخۆ بەرامبەر عێراق، بەسام ئاهەنگی خۆشی گێڕا و بە دەست ئاماژەی بۆ ئاڵای قەتەر کرد، ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی عێڕاقییەکان و ئەم هەڵوێستەی راویان بە بیڕێزی لەقەڵەمدا، لە وەڵامی ئەم رەخنانەی لێیدەگیرێت، بەسام لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووکی پۆستێکی کردووە و نووسیویەتی رەگەزنامەکەم قەتەڕییە، ئەمەش جوەکو وەڵامێک بۆ ئەو کەسانەی بە خۆفرۆش و بێڕێز ناوزەدی دەکەن.
لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان زۆر چیرۆک لەبارەی بەسام راوی بڵاوکرانەوە، دەنگۆی ئەوە بلاوکراوەتەوە چوار ساڵ لەمەوبەر باوکی بەسام کوڕەکەی پێشکەشی هەڵبژاردەی ئۆڵمپی عێراق کردووە، بەڵام سەرپەرشتیارانی هەڵبژاردەکە وەریاننەگرتووە و بەسام بە ناچاری چووەتە ریزی هەڵبژاردەی قەتەر، کەچی ئێستا هەڵبژاردەکەی بەسام لە قۆناخی چارەکی کۆتاییە و هەڵبژاردەکەی باوکیشی ماڵئاوایی کردووە.

