به فه‌رمی هیگواین په‌یوه‌ندی به یانه‌ی چێڵسی كرد
"هیگواین شوێنی مۆراتا له چیڵسی ده‌گرێته‌وه"
ماوریسیۆ ساری راهێنه‌ری یانه‌ی چێڵسی له پرێس كۆنفرانسێكدا گواستنه‌وه‌ی گۆنزالۆ هیگواینی راگه‌یاند و جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه به‌شداریی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی له جامی كاراباو ناكات.
دوای ئه‌وه‌ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، 23 جه‌نیوه‌ری 2019، گۆنزالۆ هیگواین له ئیتاڵیاوه بۆ په‌یوه‌ندیكردن به چێڵسی گه‌یشته له‌نده‌ن، پێش ئه‌وه‌ی یانه ئینگلیزییه‌كه به فه‌رمی رایبگه‌یه‌نێت، ماوریسیۆ ساری راهێنه‌ری چێڵسی هه‌واڵه‌كه كرده فه‌رمی و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد ئێستا هیگواین یاریزانی چێڵسییه.
له پرێس كۆنفرانسێكدا له باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی له قۆناخی پێشكۆتایی جامی كاراباو به‌رامبه‌ر تۆتێنهام، ماوریسیۆ ساری چێڵسی گوتی: هیگواین به‌شداری یارییه‌كه‌ی سبه‌ی ناكات و خۆی بۆ یاری داهاتوومان له پرێمه‌رلیگ ئاماده ده‌كات.
هیگواین هاوینی رابردوو به‌خواست په‌یوه‌ندی به ئه‌یسی میلانی ئیتاڵییه‌وه كرد، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌شداری 22 یاری له‌گه‌ڵ میلان كرد و 8 گۆڵ و 3 ئاسیستی هه‌بوو.
هیگواینی 31 ساڵان به‌شێوه‌ی خواستن تا كۆتایی ئه‌م وه‌رزه په‌یوه‌ندی به چێڵسی ده‌كات و له هاوینی ئه‌مساڵ ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه یانه‌ی یوڤێنتۆس.