عەرەب و توركمان لە كەركووك دژی ئەمەریكا دەوەستنەوە
"دەخوازین خەڵکی شارەکە رۆڵیان ههبێت لە پاراستنی ئاسایش لە بری هێنانی هێزی دەرەکی"
K24 - ھەولێر
لەبارەی ئەگەری جێگیربوونی ھێزەكانی ئەمەریكا لە كەركووك، بەشێك لە لایەنەكانی عەرەب و توركمان دژی ھەنگاوەكەن و ترسیان لەوە ھەیە، ئاڵۆزی و پێكدادان لە نێوان ھێزەكانی ئەمەریكا و حەشدی شەعبی لە شارەكە رووبدات، ھەروەھا پێیان وایە لە بری ھێزە بیانییەكان، پێویستە خودی خەڵكی كەركووك لە ئیدارەدان و جێگیركردنی دۆخی ئەمنی، رۆڵیان ھەبێت.
لە كاتێكدا بەشێك لە شیعەكانی عێراق كار دەكەن بۆ ئەوەی لە رێی پەرلەمانەوە، ھێزەكانی ئەمەریكا و ھێزە بیانییەكانی دیكە لە عێراق وەدەرنێن، دەنگۆی جێگیربوونی ھێزەكانی ئەمەریكا لە كەركووك بڵاوبووەتەوە و خەریكە بابەتەكەش دەچێتە بواری جێبەجێكردن، بەڵام ھێشتا ئەمەریكا بە فەرمی ئەوەی پشتڕاست نەكردووەتەوە و زانیاریشی لەبارەی جێگیربوونیان نەداوە.
بە بڕوای گردبوونەوەی عەرەبی كەركووك، دۆخی ئەمنی شارەكە پێویستی بە ھێزەكانی ئەمەریكا نییە. ئەوان داوا دەكەن، لە بری ھێزە بیانی و دەرەكییەكان، خەڵكی شارەكە رۆڵ بگێڕن لە ئیدارەدان و جێگیركردنی ئەمنییەتی شارەكە، بە ناراستەوخۆش دژایەتی خۆیان بۆ ھێزەكانی ئەمەریكا دەردەبڕن.
حاتەم ئەلتائی ، وتەبێژی گردبوونەوەی عەرەبی لە کەركووك بە كوردستان24 راگەیاند: "ھەندێک لایەن پلان و ستراتیژی تایبەت بە خۆیان هەیە،ئەمەش پێویستە حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی رووبەڕوویان بوەستنەوە و ئەم بابەتە پەیوەست نییە بە ئێمەوە، بەڵام دهربارەی پارێزگاکەمان پێمانوایە، بارودۆخی ئەمنی جێگیرە و دەخوازین خەڵکی شارەکە رۆڵیان ههبێت لە پاراستنی ئاسایش لە بری هێنانی هێزی دەرەکی لە هەر لایەن و وڵاتێکەوە بێت، چونكه ئەمە بنچینەی بنیادنانی سیستمێکی ئەمنی بەهێزە".
ھەروەھا بەشێك لەلایەنە توركمانەكان، بە راشكاوی دەڵێن دژی بوونی ھێزە بیانییەكانین و ترسیشیان ھەیە لەوەی، بەھۆی بوونی ھێزێكی زۆری حەشدی شەعبی لە كەركووك، بەریەككەوتن لە نێوان ھێزەكانی ئەمەریكا و حەشد رووبدات.
لەوبارەوە ریاز ساری کەهیە ، سەرۆکی حزبی تورکمان ئیلی لە کەركووك دەڵێ: "ئێمە دژی بوونی هێزی بیانین لە خاکی نیشتمان، بەتایبەت کەرکووک، تەنیا ئەگەر بۆ راهێنانی سەربازانی عێراق و پاڵپشتی هێزە ئەمنیەکان بێت، بەڵام ئەگەر بۆ شەڕی بەشێک لە گەلانی عێراق بێت رەتیدەکەینەوە، لەم کاتەشدا ناکۆکی و ململانێی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە عێراق هەستی پێدەکرێت، جیا لهمهش ئەگەری روودانی شەڕ ههیه له نێوان هێزەکانی ئەمەریکا و بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی، ئێمه نامانەوێت ئەمە رووبدات و داوا دەکەین کێشەكان بە ئاشتیانە چارەسەر بکرێن".