یەکێتی پشتیوانی لە حکومەتێکی بەهێز دەکات

ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبووەوە

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ شەممە 26/01/2019، مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و دوای کۆبوونەوەکە، وتەبێژەکەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند: "لەم کۆبوونەوەیە پەسەندکردنی پشکی کوردستان لە بودجەدا بە گرنگ زانرا چونکە مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە جیا کراونەتەوە".

لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند: "پشتیوانی لە حکومەتێکی بەهێز دەکەین و دەبێت شەراکەتی راستەقینە لە حکومەتی داهاتوودا هەبێت، بەتایبەت لە بواری ئەمن و ئاسایش, دەبێت ئاسایش هی خەڵک بێت نەک پارتە سیاسییەکان".

وتەبێژەکەی یەکێتی لە پرسیاری رۆژنامەنووسان و لەبارەی گەڕانەوە هێزەکانی پێشمەرگە بۆ کەرکووک گووتی: "ئێستا نا ئاساییترین بارودۆخ لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هەن بە تایبەت کەرکووک، دەبێت سوپای و حەشدی شەعبی بچنە دەرەوە و تیرۆر لە ناو شار کەرکووک کۆتایی بێت".

نزیکەی چوار مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هاتووە و تاکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهاتووە، یەکێتیش لە نوێترین هەڵوێستیدا دەڵێت: "لێکتێگەشتنی باش لە نێوان یەکێتی، پارتی و گۆڕان هەیە".

كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكژێتی 26/1/2019
كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكژێتی 26/1/2019