ڕاگه‌یه‌نراوێك له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه
"لێكۆڵینه‌وه بۆ رووداوه‌كانی شێلادزێ ده‌كه‌ین"
K24- هه‌ولێر:
له‌باره‌ی رووداوه‌كانی ئه‌مڕۆی شێلادزێ و هه‌ڵكوتانه سه‌ر پێگه‌یه‌كی سه‌ربازی توركیا وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك بۆ هێرشه‌كانی فڕۆكه جه‌نگییه‌كان بۆ سه‌ر ناوچه سنوورییه‌كان، كه به‌هۆی بوونی بنكه و باره‌گاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه" له‌و ناوچانه، تائێستا ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی سڤیل له‌و هێرشانه‌دا شه‌هید و بریندار بوونه، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه، "نیگه‌رانى و دڵگرانیمان بۆ كه‌وتنه‌وه‌ى زیانى گیانى و بریندار له ڕووداوه‌كانى ئه‌مڕۆى ناوچه‌ى شێلادزێ ده‌رده‌بڕین و وێڕاى سه‌ره‌خۆشى، هاوسۆزى خۆمان بۆ كه‌سوكار و خانه‌واده‌ى قوربانیان ده‌رده‌بڕین".
له درێژه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا جه‌خت كراوه‌ته‌وه، "ده‌ستى گێره‌شێوێن له پشت ئه‌و ڕووداوانه‌وه هه‌یه، بۆیه ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كان به وردى لێكۆڵینه‌وه‌ى لێده‌كه‌ن و هۆكارانی پشێوى و گێره‌شێوێنان سزا ده‌ده‌رێن".
به‌هۆی بوونی بنكه و باره‌گاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان له ناوچه سنووریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هێرشی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا به شێوه‌یه‌كی رۆژانه بۆ سه‌ر ئه‌و ناوچانه به‌رده‌وامن. تا ئێستاش چه‌ندین هاووڵاتی شه‌هید و بریندار بوونه، له دوایین هێرشیشدا بۆ سه‌ر ناوچه‌یه‌كی پشتی "گه‌لی ره‌شاڤه"، له سنووری ناحیه‌ی دێره‌لوكی سه‌ر به قه‌زای ئامێدی، 4 هاووڵاتی سڤیل، كه دانیشتووی كۆمه‌ڵگای شێلادزێ بوون، شه‌هید بوون. به‌و هۆیه‌شه‌وه ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك گه‌نجی ئه‌و كۆمه‌ڵگای هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر پێگه‌یه‌كی سوپای توركیا له ناوچه‌كه و ئاگریان له كه‌لوپه‌له سه‌ربازییه‌كانیان به‌ردا.
H.B