لەسەر رووداوەكانی شیلادزێ وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی توركیا بانگێشت دەكات

بەغدا نیگەرانییەكان دەگەیەنێتە توركیا

K24 - ھەولێر

لەسەر رووداوەكانی شیلادزێ، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەنیازە بانگھێشتی باڵیۆزی توركیا لە بەغدا بكات.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێكدا سەركۆنەی رووداوەكەی ناوچەی شیلادزێ لە سنووری پارێزگای دھۆك كرد و ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، وەزارەتی دەرەوە، بەنیازە بانگھێشتی فاتح یەڵدز باڵیۆزی توركیا لە بەغدا بكات و ناڕەزایەتی لەسەر رووداوەكە پێ رابگەیەنرێت.

وەزارەتی دەرەوە ھیواخوازە رووداوی لەمشێوەیە دووبارە نەبێتەوە.

دوێنێ بەشێك لە دانیشتووانی شیلادزێ وەك ناڕەزایەتی دەربڕین دژی شەڕی توركیا و پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی ئەو دەڤەرە كە بەو ھۆیەوە چەند ھاووڵاتییەكی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون، خۆپێشاندانێكیان رێكخست و داوایان لە ھەردوولا كرد ئەو ناوچەیە جێ بھێڵن، بۆ ئەوەی چیتر خەڵك نەبێتە قوربانی، پاش ئەوەی خۆپیشاندەران چوونە سەر بارەگاكانی ھێزەكانی توركیا لەو سنوورە خۆپێشاندانەكە پشێوی لێكەوتەوە و چەند كەسێكیش كوژران و برینداربوون.