مەسەدە بۆ رێككەوتن لەگەڵ رژێمی سووریا چاوەڕێی رووسیایە
"بەمنزیکانە لەگەڵ دیمەشق دەست بە گفتوگۆ دەکەین"
K24 - قامیشلۆ
بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر رایدەگەیەنن، نامەی ئەرێنیان لەلایەن رژێمی سووریاوە بە دەست گەیشتووە و ئاشکراشی دەکەن، کە بەمنزیکانە لەگەڵ دیمەشق دەست بە گفتوگۆ دەکەن. بەشێک لە چاودێرانیش دەڵێن، ئەو نەخشەرێگایەی بۆ دانوستانەکانی نێوان بەڕێوەبەری خۆسەر و دیمەشق داندراوە لە بەرژوەندی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان نییە.
سەركردەكانی ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات (مەسەدە) ئەوە دەخەنەڕوو، نەخشەڕێگەیەكی 11 خاڵیان داوەتە رووسیا، بۆ ئەوەی ببێتە سەرەتاییەك بۆ دانوستان لەگەڵ رژێمی سووریا، وەك خۆیان باس دەكەن لەو نەخشەڕێگەیە داوایان كردووە كە دەبێ رژێم دان بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دابنێت.
حەكیم حەبیب، جێگری سەرۆكی دەستەی جێبەجێكاری مەسەدە بە كوردستان24 گوت: "پێشبینی دەكرێت لە رۆژانی داھاتوودا گفتوگۆمان لەگەڵ رژێم دەست پێبكات، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو خاڵانەی وەك نەخشەڕێ دیارمان كردووە. ئێمە دەخوازین لەوەیە رووسیا رۆڵێكی گرنگ ببینێ، بۆ ئەوەی ناوچەكانمان لە دەستێوەردانەكانی توركیا بپارێزین و مافی ھەموو پێكھاتەكان دەستەبەر بكرێت".
پەیوەست بەو پرسە فەرید سەعدون، چاودێری سیاسی لە رۆژئاوای كوردستان دەڵێ: "ئەو گفتوگۆیانەی لەنێوان رژێمی سووریا و پەیەدە دا ھەیە، لە بەرژەوەندی ئەو خاڵانەی پێشكەش كراون لە بەرژەوەندی پەیەدە دان نەك گەلی كورد، لەو خاڵانەی پێشكەش بە رووسیا كراون باس لە كوردستا نەكراوە، بەڵكو تەنھا بۆ جێبەجێكردنی داواكانی پەیەدە و بەڕێوەبەری خۆسەرە".