نێچيرڤان بارزانى: خاڵه‌ گومرگييه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و به‌غدا هه‌ڵده‌گيرێن

كاريگه‌رى نه‌رێنيان كردووه‌ته‌ سه‌ر جوڵه‌ى بازرگانى هه‌رێمى كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەولەویەتی کاری حکومەت نەهێشتنی پاشەکەوتی مووچەیە، بۆیەش چاوەڕوانی بەغدان تاوەکو بزانن ئەو بڕە پارەیەی رێککەوتنی لەسەر کراوە رەوانە دەکرێت، ئەگەر بەغدا ئەو پارەیەی رەوانه‌کرد، ئەوا ئەولەویەتی کاری حکومەت، نەهێشتنی پاشەکەوتی مووچەیە. ئاماژەی بەوەشدا، دەبێت کێشەکان لەگەڵ بەغدا بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان راشیگه‌ياند، سه‌ردانى شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا ده‌ستكه‌وتی باشی هه‌بووه‌ و یه‌كێك له‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ش رێككه‌تنه‌ له‌سه‌ر لادانی خاڵه‌ گومرگییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق.

گوتيشى: ئه‌و هه‌نگاوه‌ش ده‌بێته‌ هۆی هاتنی ژماره‌یه‌كی زۆرتری گه‌شتیار و ره‌وشی دارایی هه‌رێمی كوردستانیش باشتر ده‌كات.

دواى رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌رى 2017، حكومه‌تى عێراق له‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك به‌ رووى هه‌ولێر و سلێمانيدا دوو خاڵى گومرگى داناوه‌ و ئه‌وه‌ش كاريگه‌رى نه‌رێنى كردووه‌ته‌ سه‌ر جووڵه‌ى بازرگانى له‌ هه‌رێمى كوردستان.