کەجەکە پێیوایە ئامانج لە سەردانکردنی ئۆجەلان شکاندنی بەرخودانی ئەوانە

"ئەردۆغان بە مەبەست محەمەد ئۆجەلانی ناردووەتە لای عەبدوڵا ئۆجەلان"

K24 – هه‌ولێر:

کوما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) پێی وایە، ئەردۆغان بۆ شكاندنی بەرخودانی ئەوان، محەمەد ئۆجەلانی ناردووەتە لای عەبدوڵا ئۆجەلان.

موراد قەرەیلان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی پەكەكە بۆ میدیاکانی سەر بە پارتی کرێکاران کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند: "چالاكییەكانی مانگرتن لە خواردن فشاریان خستووەتە سەر حكومەتی توركیا، بەهۆی ئەوەش، رەجەب تەیب ئەردۆغان، محەمەد ئۆجەلانی ناردووەتە لای عەبدوڵا ئۆجەلانی برای، بۆ ئەوەی دیدارێك ببەستن".

 قەرەیلان دەشڵێت: "ئەو دیدارە بە واتای كۆتاییھاتنی گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان نایەت".

 ئاماژە بەوەش دەكات، ئازادكردنی لەیلا گوڤەن، بڕیارێكی سیاسییە و حكومەتی توركیا لە ناچارییەوە داویەتی.

داواش لە ھەدەپە دەكات، چالاكی زیاتر ئەنجام بدات بۆ ئەوەی گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان كۆتایی بێت.

دوای چەندین جار داواكاری رۆژی شەممە 12/1/2019، محەمەد ئۆجەلان، برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی چاوی بە ئۆجەلان كەوت.

پێشتریش دوای چەندین جار داواكاری پارێزەر و بنەماڵەی ئۆجەلان، لە 11/9/2016 محەمەد ئۆجەلانی برای لە ئیمراڵی چاوی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان كەوتبوو.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە 15 شوباتی 1999، لە پرۆسەیەکی ھەواڵگرییدا، لە کینیا دەستگیرکرا و بە فڕۆکەیەکی تایبەتی تورکیا لە لایەن رفێنەرەکانییەوە گواسترایەوە بۆ ئەنقەرە و لە دوورگەی ئیمڕاڵی بەندكرا.