باران رێگەی سۆران- خەلیفانی داخست
ھاتووچۆ شوفێر و ھاووڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە
K24 - سۆران
بەھۆی بارانبارینی بەخوڕ و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، رێگای نێوان سۆران- خەلیفان داخرا و لە سەنتەری قەزای سۆرانیش ئاو چووەتە ناو چەند ماڵێك.
بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سۆران لە راگەیەندراوێكدا شوفێر و ھاووڵاتیانی ناوچەكە ئاگادار دەكاتەوە كە رێگای گەلی عەلی بەگ بەھۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو بە درێژایی 2 كیلۆمەتر گیراوە، بەو رێگایە ھاتووچۆ نەكەن.
خوسرەت سادق، بەرپرسی فەرمانگەی چاككردن و پاراستنی رێگاوبانی سۆران بە كوردستان24 راگەیاند: "بەھۆی بارانی بەخوڕ لە ناو گەلی عەلی بەگ كە سۆران و خەلیفان بەیەك دەبەستێتەوە و رێگای سەرەكی ئەو ناوچەیە بۆ ھەولێر بەھۆی بەرزبوونەوەی ئاو تەنھا ئۆتۆمبێلی گەورە ھاتووچۆ دەكەن. ھەروەھا لە رێگای سۆران- چۆمان، لە ھەندێك شوێن بەرد و قوڕ ھاتووەتە شەقامەكە و سەرقاڵی پاككردنەوەی رێگاكەین".
لەلایەكی دیكە بەرگری شارستانی سۆران رایگەیاندووە، شەوی رابردوو بەھۆی بارانبارینی بەخوڕ لە گەڕەكی ھەرێمی قەزای سۆران ئاو چووەتە ناو چەند ماڵێك و تیمەكانی بەرگری شارستانی بە ھانایانەوە چوونە.














