فازڵ میرانی هۆکاری دروستبوونی گرژییەکانی پارتی و یەکێتی لە بەغدا ئاشکرا دەکات

کێشەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەت دیاری دەکات

K24 – هه‌ولێر:

فازیل میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەت ئەوەیە، یەکێتی دەیەوێت پرسەکانی بەغدا، کەرکووک و پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم پێکەوە ببەستێتەوە.

لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا بەشی کوردی، فازڵ میرانی لە بارەی پێکهێنانی حکوومەت رایگەیاندووە: "گۆڕان پێی وتوین به‌شدار ده‌بین له‌ حكوومه‌ت و "ره‌غبه‌ت"مان هه‌یه‌".

له‌ باره‌ی ئه‌گه‌ری به‌شداریی نه‌كردنی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان له‌ حكوومه‌ت و دوو ئیداره‌یش، دەڵێت: "یه‌كێتی نابێته‌ ئۆپۆزسیۆن، به‌ڵام پارتی هه‌وڵی ته‌واوی رێكکه‌وتن ده‌دات ئه‌مه‌ روو نه‌دات، هه‌رچه‌نده‌ حكوومه‌تی ئێمه‌ نه‌ له‌ ئێستا نه‌ له‌ رابردوو ده‌سه‌ڵاتی نه‌بووه‌ به‌سه‌ر ناوچه‌ی سلێمانیدا".

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی لە دیاریکردنی وادەی پێکهێنانی حکوومەت ئاشکرایکردووە: "کۆبوونەوەکان ئەمڕۆ و سبەی لە نێوان گۆڕان و پارتی، مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی ئەنجام دەدرێن، بەهیواین لە مانگی شوبات کارەکان تەواو بکەین و بگەینە رێککەوتن، چونکە ناکرێت ئەم وڵاتە بەبێ دەسەڵاتی یاسادانان و حکوومەت و سەرۆکایەتی هەرێم بێت".

میرانی هۆکاری دروستبوونی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی لە بەغدا ئاشکرا دەکات و دەڵێت: " کاک نێچیرڤان لەگەڵ کاک کۆسرەت و کاک بافڵ رێککەوتنیان ئەنجامدا، رێککەوتنەکە بەوجۆرە بوو، ئەگەر پۆستی سەرۆککۆمار بۆ پارتی بێت ئەوا هەموو پۆستە وەزارییەکانی تر لە بەغدا بۆ یەکێتی دەبێت لەگەڵ دوو ساڵی سەرۆکایەتی حکوومەت، یەکێتی ئەو رێککەوتنەی پێشێل کرد، بۆیە ئەگەر پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم ببەستینەوە بە وەزارەتی داد لە بەغدا ئەوا بەڕاستی بەکەڵکی رابەرایەتی ئەم میللەتە نایەین".

بۆ کێشەی پارێزگاری کەرکووکیش، فازڵ میرانی ئاماژە بەوە دەکات: " با ئێمه‌ هه‌وڵ بده‌ین دۆخی كه‌ركووك ئاسایی بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌وكات ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بۆی هه‌یه‌ هه‌ڵبژاردن بكات، پارێزگارێكی كورد دابنێ ئیتر له‌ پارتیه‌ یا یه‌كێتی یا توركمان، عه‌ره‌ب، ئاشور، كلدان یاخود هه‌ر لایه‌ك ده‌بێت".

روونیشیدەکاتەوە: "خۆی تا ئێستاش به‌پێی یاسای بریمه‌ر نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركووكه‌ براده‌رانی یه‌كێتی خۆشیان ئه‌مه‌ باش ده‌زانن، ئه‌و براده‌رانه‌ خۆیان تێناگه‌یه‌نن، ئه‌و رێ و شوێنانه‌ی عه‌بادی دژی د.نه‌جمه‌دین كردی نایاسایی بوو، چونكه‌ لادانی پارێزگارێكی هه‌ڵبژێردراو ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك وه‌زیران نییه‌".

پێشی وایە، خەونی عێراق بە بۆ دەستبەسەرا گرتنی کەرکووک هاتە دی و ئێستاش بە ئاسانی دەستبەردار نابێ، راشیگەیاندووە: "دانانی پارێزگارێک لە ژێر دەسەڵاتی عەسکەر و حەشدی شەعبی قبووڵ ناکەن، هەندێک لە برادەرانی یەکێتی چاوی خۆیان بەستووە دەیانەوێت چاوی ئێمەش ببەستن، خۆ نیوه‌ی سه‌ركردایه‌تی یەكێتی تا ئێستاش ناوێرن لە کەرکووک هاتووچۆ بکەن".

سکرتێری مەکتەبی سیاسی لە بارەی دیاریکردنی هێڵی سووری پارتی بۆ داهاتوو رایگەیاندووە: "لای ئێمه‌ دوو ئیداره‌یی، خۆهاویشتنە باوه‌شی حكوومه‌تی عیراق و رێكنه‌كه‌وتن و پشتكردن له‌ یه‌كتر و سه‌نگه‌ر له‌ یه‌كگرتن هێڵی سووره‌".

H.J