خه‌زعه‌لی: په‌رله‌مان پڕۆژه بڕیاری ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق په‌سه‌ند ده‌كات
"ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا له عێراق نه‌كشێته‌وه به‌شه‌ڕ ده‌یانكه‌ینه ده‌ره‌وه"
K24- هه‌ولێر:
سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی کە خاوەنی ١٥ کورسی پەرلەمانی عێراقە، ھۆشداری دەداتە ئەمه‌ریکا و دەڵێت: ئەگەر ھێزەکانیان لە عێراق نەکشێننەوە بە شەڕ دەیانکەينە دەرەوە.
قەیس خەزعەلی ئەمینداری گروپی عەسائیب ئەھلولحەقى سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشێیتيد پرێس، ئەمه‌ریکا بە ئاڵۆزکردنی دۆخی عێراق و ناوچەکە تۆمەتبار دەکات و پێیوایە, "ئەمه‌ریکا دەیەوێت شەڕێک لەناوچەکە دروست بکات و ئیسرائیلی ھێناوەتە ناو ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە".
هه‌ر له‌و دیداره‌دا خه‌زعه‌لی ئاشكرای ده‌كات، "لە چەند مانگی داھاتوودا پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەردەکات".
ئەمینداری گروپی عەسائیب ئەھلولحەق کە له ماوه‌ی نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٠ لەلایەن ئەمریکیەکانەوە دەستگیرکرابوو، ھۆشداری دەداتە ئەمه‌ریکا، "ئەگەر پابەندی دەستوور و بڕیارەکەی پەرلەمان نەبێت، به‌شه‌ڕ ده‌یانكه‌نه ده‌ره‌وه".
خەزعەلی دەڵێت: "ھەڕەشەی داعش نەماوە و مانەوەی زیاتر لە ٥ ھەزار سەربازی ئەمه‌ریکی ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت، بەڵام دەکرێت ھەندێک راھێنەر و راوێژکاری سه‌ربازی بمێننەوە".
ئەو سەرکردەی حەشدی شەعبی کە ده‌گوترێت گروپه‌كه‌ی لەژێر سێبەری ئێراندایه، جیا لە ئەمریکا ھۆشداری دەداتە ئیسرائیلیش و دەڵێت: "ئەگەر ئیسرائیل ھێرش بکاتە سەر ھەر ئامانجێک لە عێراق وەلامێکی توندی ته‌لئه‌ڤیڤ دەدەینەوە".
ساڵی ٢٠٠٣ ئەمه‌ریکا بۆ لەناوبردنی رژێمی سەددام حوسێن ھاتە عێراق و ساڵی ٢٠١١ لە عێراق کرایە دەرەوە. دواتر لەگەڵ سەرھەڵدانی داعش جارێکی دیکە ساڵی ٢٠١٤ گەرایەوە عێراق. دوای سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و کۆنەبوونەوەى لەگەڵ ھیچ یەک لە سەرکردە عێراقیەکان تووڕەیی ھێزە شیعەکانی بەدوای خۆیدا ھێنا, جارێکی دیکە دەیانەوێت بەھەر شێوەیەک بێت ئەمه‌ریکا لە عێراق بکەنە دەرەوە.
H.B