هه‌ده‌په له 3 شاری گه‌وره‌ی توركیا كاندیدی نابێت
هه‌ده‌په: دیلۆك و روها به‌لای ئێمه‌وه دوو شاری ستراتیژین
K24- هه‌ولێر:
واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان له توركیا و باكووری كوردستان نزیك ده‌بێته‌وه و لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ یه‌كتر بگه‌نه رێككه‌وتن. هه‌ده‌په بڕیاریداوه له سێ شاردا، كاندید ده‌ستنیشان نه‌كات و به گوێره‌ی راپرسییه‌كانیش ئه‌و بڕیاره‌ی هه‌ده‌په كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌بێت.
له‌كاتێكدا پێشتر میدیاكانی توركیا بڵاویانكردبووه‌وه، پارتی دیموكراتی گه‌لان "هه‌ده‌په" هیچ كاندیدێكی له شاره‌كانی دیلۆك، روها، ئیسته‌نبوڵ، ئیزمیر، ئه‌نقه‌ره، ئه‌ده‌نه و مێرسین نابێت، به‌ڵام سارۆهان ئۆلۆچ، وته‌بێژی ئه‌و حیزبه ئه‌و هه‌واڵه ره‌ت ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت: "ته‌نیا له 3 شاری گه‌وره‌ی توركیا "ئیسته‌نبوڵ، ئه‌ده‌نه و ئیزمیر" كاندیدیان نابێت، به‌ڵام له شاره‌كانی دیكه‌ی كه ئاماژه‌یان پێدراوه، له‌سه‌ر چالاكییه‌كانیان بۆ به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌رده‌وامن، به‌تایبه‌ت كه شاره‌كانی دیلۆك و روها دوو شاری ستراتیژین".
دوای ئه‌و بڕیاره‌ی هه‌ده‌په، به‌ڕێوه‌به‌رانی ناوه‌نده‌كانی راپرسیش جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌م بڕیاره‌ی هه‌ده‌په به‌تایبه‌ت له شاره‌كانی ئیسته‌نبوڵ و ئه‌ده‌نه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌بێت، له‌مباره‌یه‌وه محه‌مه‌د ئالی كۆلات، سه‌رۆكی ناوه‌ندی "ماك" بۆ راپرسی ده‌ڵێت: "دیاره كه له‌و شارانه‌ی هه‌ده‌په كاندیدی نابێت، پشتیوانی له جه‌هه‌په ده‌كه‌ن، رێژه‌ی ده‌نگده‌ری كورد له ئیسته‌نبوڵ له 20%، له‌وانه‌ش 7% له ئاكپارتییه‌وه نزیكن، ئه‌و له 13%ی ده‌مێنێته‌وه، ده‌نگ به هه‌ده‌په ده‌ده‌ن و هاوكات له جه‌هه‌په‌ش نزیكن".
H.B