مووسڵاوییەکان ترسیان لە لەناوچوونی زاراوەکەیان هەیە
"زاراوەكەی ئێمە بەوە جیادەكرێتەوە كە زۆربەی لە زمانی عەرەبی رەسەن وەرگیراوە"
K24 - ھەولێر
مووسڵاوییەكان زاراوەیەكی تایبەت بەخۆیان ھەیە و لە ھەر شوێنێك كەسێكی خەڵكی ئەو شارە قسە بكات، بە زاراوەكەی دەناسرێتەوە. بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی ئەم چەند ساڵەی دوایی و ئاوارەبوونیان و تێكەڵاوبوونیان لەگەڵ خەڵكی ناوچەكانی دیكە، مووسڵاوییەكان ترسیان ھەیە لەوەی زاراوەكەیان وەك خۆی نەمێنێتەوە و لەنێو زاراوەكانی دیكەی عەرەبیدا بتوێتەوە.
شەھد وەلید، ھاووڵاتییەكی دانیشتووی مووسڵە دەڵێ: "زاراوەكەی ئێمە بە وە جیادەكرێتەوە كە زۆربەی لە زمانی عەرەبی رەسەن وەرگیراوە، بە مانای ئەوەی ئێمە پابەندین بە زمانی فوسحای عەرەبیەوە، بەڵام ھەندێك وشەی دیكەی ھاتووەتە ناویەوە، بەھۆی ئەوەی شارەكەمان خاڵی بەیەكەوە بەستنی چەندین ناوچە و وڵاتە و چەندین وشەمان لێیان وەرگرتووە، ئێمەش برەومان بە وشەكان دا و تا وای لێھات زاراوەكەی ئێمە جیاواز بێت، بۆیە كاتێك بەرامبەر كەسێك قسە دەكەم دەزانێت كە موسڵاویم".
شێوەزاری عەرەبی جۆراوجۆر ھەیە، بە رادەیەك كە لە ھەندێك وڵات پەنا دەبەنە بەر زمانەكانی ئینگلیزی یان فەرەنسی بۆ ئەوەی لە یەكتر تێبگەن، مووسڵاوییەكانیش ھەندێك وشەی توركی، كوردی و فارسیشیان وەرگرتووە، كە رەنگدانەوەی سەردەمە جیاوازەكانی مێژووی مووسڵ دەردەخات، بەڵام سەعد پێیوایە نزیكترین زاراوە لە قورئان، زاراوەی موسڵاوییەكانە.
سەعد محەمەد خەڵكی مووسڵە و ئەو دەڵێت: "زاراوەی مووسڵی، گۆكردنی دروستی پیتە عەرەبییەكان دەردەخات، كە نزیكە لە زمانی قورئانەوە".
خەڵكی ناوچەكانی دیكەی عێراق، ھەندێكجار گاڵتە بە شێوەزاری مووسڵ دەكەن، بۆیە بەشێك لە گەنجانی شارەكە كاتێك دەچنە شوێنێك و ناوچەیەكی دیكە، شەرم دەكەن بە زاراوەی خۆیان قسە بكەن، پەنا بۆ گۆڕینی زمانەكەیان دەبەن.
بەرلە داگیركاری داعش، نزیكەی 60 ھەزار كەس لەم ناوچانەی مووسڵی كۆن دەژیان، لەماوەی 3 ساڵی حوكمی رێكخراوەكەشدا ھەزارانیان لە رێگەی لەسێدارەدان و كوشتنی بە كۆمەڵدا كوژران و لە شەڕەكانی كۆنتڕۆڵكردنەوە و بۆردوومانەكانیشدا ھەزاران كەسی دیكە كوژران، ئێستا ژمارەیەكی زۆریان نەگەڕاونەتەوە ھەر لە ئاوارەییدان.
ئا: فاروق محەمەد