له كهركووك توركمان داوای پۆستی سهرۆكی ئهنجوومهنی پارێزگا دهكات
بۆ دۆخی كهركووك پارتی و یهكێتی لێكتێگهیشتنیان ههیه
K24 – كهركووك:
پێکهاتەکانی كهركووك داوای کۆتایهێنان بەململانێکان و ئاساییكردنهوهی دۆخی شارهكهیان دهكهن و رێبوار تهها پهرلهمانتاری یهكێتیش ئاشكرای كرد، بۆ دۆخی كهركووك پارتی و یهكێتی لێكتێگهیشتنیان ههیه.
ئەگەرچی سیناریۆی جۆراوجۆر هەن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک، بەڵام هێشتا گۆڕانکارییەکان دیارنین و کەمینە حوکمی زۆرینە دەکات، پێکهاتەکانی دیکە ئەگەرچی گۆڕانکاری لە هەڵوێستیان بەدی دەکرێت لەبەرامبەر کورد و داوای دەستپێکی قۆناغێکی نوێ و کۆتایهێنان بە ململانێکان دەکەن، بەڵام کورد لە ناوخۆدا کێشەی هەیە و رێکنەکەوتوون.
لهو چوارچێوهيهدا، حاتەم ئەلتائی، گوتهبێژى گردبوونەوەی عەرەبی لە کەرکووک رايگهياند، بەپێویستی دەزانین دیدگا و پێشوەچوون و پلانی نوێ لە نێوان پێکهاتەکانی ئەمشارە هەبێت، بۆیە پێمانوایە سەرەتایەکی نوێ دەستیپێکردووە لەنێوان سەرجەم پێکهاتەو هێزە سیاسيیەکان بۆ دانانی پڕۆژەیەکی نوێ بۆ داهاتوو.
گوتيشى: پێويسته سەرجەم ناکۆکییە سیاسی و نەتەوەییەکان بەلاوە بنێین و بە ئاراستەی خزمەتکردنی خەڵکی شارەکە هەنگاوبنێین و ئێمە هانی ئەم بیرۆکەیە دەدەین و داوا لە هەمووان دەکەین بەدەم ئەم پڕۆژەیەوە بێن و هەموو رێگاکانیش لەبڕینی هەنگاوێکەوە دەست پێدەکات و ئەو هەنگاوەش بەدی هاتووە.
ههر لهو بارهيهوه، پێکهاتەی تورکمان بەوتەی خۆیان هیچ سوودێکیان لە دۆخی دوای شازدەی ئۆکتۆبەر نەبینیوە، بۆیە چاویان لە پۆستی پارێزگار بڕیوە و دەیانەوێت ئەوانیش بۆ ماوەیەک دەسەڵاتی یەکەمی شاریان لەدەستدا بێت، ئەگەر ئەویش بەدی نەهات، پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنیان دەوێت.
عەلی موفتی، گوتەبێژی حزبی تورکمان ئیلی تايبهت به كوردستان24 رايگهياند، ئێستا داوای پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەکەين، بە مەرجی دوو ساڵ بۆ هەر پێکهاتەیەک، ئەگەر ئەمە بەدینەهات و هەردوو حزبی سەرەکی یەکێتی و پارتی بەڕازیبوونی تورکمانەکان لەسەر کاندیدی خۆیان بۆ ئەوپۆستە ڕێککەوتن، پێویستە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ پێکهاتەی تورکمانی بێت.