فازڵ میرانی واده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی ئاشكرا ده‌كات

"ناكرێت بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت چاوه‌ڕێی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركووك بكه‌ین"

K24- هه‌ولێر:

بڕیاره‌ رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو پارتی و یه‌كێتی له‌باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆببنه‌وه‌.

فازڵ میرانی، سكرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوتارێكدا رایگەیاند، پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە كێشه‌كانی به‌غدا بۆ پارتی گرنگتره‌.

سكرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان جه‌ختیشی كرده‌وه‌، ناكرێت بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاوه‌ڕێی ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی كه‌ركووك و پرسی وه‌زاره‌تی داد له‌ به‌غدا بكه‌ین.

ميرانى گوتی: پرسی كه‌ركووك پرسی سه‌د ساڵه‌یه‌ و ناكرێت به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نویی حكوومه‌ت ببه‌سترێته‌وه‌ و سه‌ره‌تا پێویسته‌ دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت راسته‌ڕێ بكرێن، ئینجا هه‌وڵه‌كان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركووك بخرێنه‌ گه‌ڕ.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه‌ركووك به‌ سه‌خت و قوربانیدان به‌ده‌ستهێندرا به‌ڵام به‌ئاسانی له‌ده‌ستمان چوو.

H.B