باشترینەکانی مانگی رابردووی خولی نایابی کوردستان دەستنیشانکران
سەمیر بابۆ بە باشترین راهێنەر و دیار عەلی بە باشترین یاریزانی هەڵبژێردران
سەمیر بابۆ بە باشترین راهێنەری مانگی یەنایەری خولی نایابی کوردستان دەستنیشانکرا و ئەو راهێنەرە مانگی رابردوو لەگەڵ یانەکەی لە سێ یاریی دوو بردنەوە و بەرامبەربوونێکی بەدەستهێنا و حەوت خاڵی بۆ یانەکەی کۆکردەوە.
تیپەکەی سەمیر بابۆ کە لە پێشەنگی خولی نایابی کوردستان دێت و ئەم وەرزە ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات، لە مانگی رابردوو شەش گۆڵی کرد و تەنیا دوو گۆڵی لێکرا و یانەکەی نزیکە بۆ دووەمجار لەسەر دەستی بابۆ ببێتە پاڵەوانی خولەکە.
دیار عەلی پێشەنگی گۆڵکارانی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان، خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگی رابردووی بەدەستهێنا و هێرشبەرەکەی نەورۆز مانگی رابردوو لە کۆی سێ یاریی مانگی رابردووی یانەکەی سێ گۆڵی کرد و بردنەوەیەک و دوو بەرامبەربوونی بۆ یانەکەی بەدەستهێنا، کە بەرامبەر زێرەڤانی لە دهۆک بە دوو گۆڵ سێ خاڵی بۆ یانەکەی بەدەستهێنا.
گۆڵەکەی کارزان مستەفا لە یاریی نێوان پێشمەرگەی سلێمانی و شێروانە رۆژی 11ی مانگی رابردوو جوانترین گۆڵی مانگی رابردووی خولی نایابی کوردستان بوو، یاریزانەکەی پێشمەرگەی سلێمانی بە شووتێکی بەهێز تۆڕی گۆڵی شێروانەی هەژاند و یەکێک لە جوانترین گۆڵەکانی کاروانی وەرزشی خۆی کرد.
مانگانە کوردستان24 باشترینەکانی خولی نایابی کوردستان دەستنیشان دەکات و خەڵاتیان دەکات، کە یەکەمجارە لەسەر ئاستی کوردستان دەزگایەک مانگانە باشترینەکانی خولی نایابی کوردستان دەستنیشان بکات.
.png)