مێسی به‌ زنجیره‌یه‌ك ریكۆرد بارسێلۆنای له‌ شكست رزگار كرد

دوای یارییه‌كه‌ی بارسێلۆنا و ڤالێنسیا چی روویدا؟

له‌ گه‌ڕی 22ـه‌می لالیگا، له‌ یاری گه‌ڕانه‌وه‌دا له‌ كامپ نوو بارسێلۆنا میوانداریی ڤالێنسیای كرد و یارییه‌كه‌ش به‌ 2 گۆڵ بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هات.

 كیڤن گامیرۆ و دانیال باریخۆ له‌ خوله‌كه‌كانی 24 و 32 دوو گۆڵی له‌سه‌ریه‌كیان بۆ ڤالێنسیا تۆمار كرد.

دواتر له‌ خوله‌كی 39 لیۆنێل مێسی له‌ رێگه‌ی لێدانی پێناڵتی جیاوازییه‌كه‌ی كه‌م كرده‌وه‌، گێمی یه‌كه‌م به‌م ئه‌نجامه‌ له ‌به‌رژه‌وه‌ندی ڤالێنسیا كۆتایی هات.

دواتر له‌ خوله‌كی 64ـی گێمی دووه‌م، لیۆنێل مێسی گه‌ڕایه‌وه‌ و دووه‌م گۆڵی خۆی و بارسێلۆنا له‌ دژی ڤالێنسیا تۆمار كرد و یانه‌كه‌ی له‌ شكست پاراست و یارییه‌كه‌ به‌ 2 گۆڵ بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هات، به‌مه‌ش بارسێلۆنا كۆی خاڵه‌كانی له‌ پێشه‌نگی لالیگا گه‌یشته‌ 50 خاڵ و له‌ شوێنی خۆی مایه‌وه‌.

گرینگترین ئامار و رووداوه‌كانی یارییه‌كه‌

ـ لیۆنێل مێسی كۆی گۆڵه‌كانی له‌ پێشه‌نگی گۆڵه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ گه‌یانده‌ 21 گۆڵ، به‌مه‌ش لیۆ بووه‌ یه‌كه‌مین یاریزان له‌سه‌ر ئاستی 5 خوله‌ گه‌وره‌كه‌ی ئه‌ورووپا 21 گۆڵ تۆمار بكات.

ـ لیۆنێل مێسی له‌م وه‌رزه‌ له‌ یاری چوونیش له‌ یاریگه‌ی مێستایا گۆڵی له‌ ڤالێنسیا كرد، به‌مه‌ش تاكه‌ یاریزانه‌ كه‌ توانیویه‌تی 27 گۆڵ له‌ یانه‌ی ڤالێنسیا بكات.

ـ یانه‌ی ڤالێنسیا پێش ریال مه‌درید كه‌وته‌وه‌ و بووه‌ سێیه‌م یانه كه‌ مێسی زۆرتریان گۆڵیان لێ تۆمار بكات، به‌وپێیه‌ی مێسی 26 گۆڵی له‌ ریال مه‌درید كردووه‌.

ـ گۆڵه‌كه‌ی لیۆنێل مێسی گۆڵی ژماره‌ 50 بوو له‌ لالیگا كه‌ به‌ لێدانی سزا،  10 گۆڵیشی تا ئێستا به‌ پێناڵتى به‌فيڕۆ داوه‌، به‌مه‌ش لیۆ مێسی سێیه‌م یاریزانه‌ له‌ مێژووی لالیگا 50 گۆڵی به‌ پێناڵتی كردووه‌، هۆگۆ سانچێز هێرشبه‌ری پێشووی ریال مه‌درید به‌ 56 گۆڵ له‌ پله‌ی دووه‌م دێت، له‌ پله‌ی یه‌كه‌میش كریستیانۆ رۆناڵدۆ دێت كه‌ تاكه‌ یاریزانه‌ له‌ مێژووی لالیگا 61 گۆڵی به‌ پێناڵتی كردووه‌.

Fly Erbil Advertisment