شۆفێریکردنی تاکسی لە هێزە چەکدارەکانی هەرێم قەدەغە دەکرێت
وەزارەتی ناوخۆ فەرمانێکی دەرکرد
K24 – ههولێر:
وەزارەتی ناوخۆ شوفێریکردنی تاکسی لە هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان قەدەغە دەکات و تەنها رێگا بە بەشێک لە کارمەندانی شارستانی دەدات ئەو کارە بکەن.
بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی ناوخۆ: "کاری شوفێری تاکسی بۆ گشت هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، بەرگری و فریاکەوتن، رەگەزنامە، هاتووچۆ، پاسەوانی سنوور و پۆلیسی گومرگ) و کارمەندانی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە و گشت هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق قەدەغەیە".
جیا لەو کارمەندانەی وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە، فەرمانەکە، فەرمانبەرانی میلاکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەش دەگرێتەوە.
نووسراوەکە رێگە بە بەشێک لە کارمەندانی شارستانی دەدات کاری شۆفێریی تاکسی بکەن، ئەوانەی "پلە ٧ و بەرەوخوارەوەن، بە مەرجێک فەرمانگەکانیان رەزامەند بێت و شوێن و سروشتی کارکاردنیان دیار بێت".
ئەو کارمەندانەی رێگا پێدراون، دەبێت مۆڵەتەکانیان ساڵانە نوێ بکەنەوە و کاریان وەک شۆفێری تاکسی، کار نەکاتە سەر دەوامی ئاساییان.
وەزارەتی ناوخۆ راشیگەیاندووە، لەو رۆژەوەی فەرمانەکە دەرچووە (31/01/2018)، راستەوخۆ کاری پێدەکرێت.

H.J