وڵاتانی رۆژئاوا بە نهێنی باڵیۆزخانەکانیان لە کیێڤ دەگوازنەوە
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، چەند وڵاتێکی رۆژئاوایی بە نهێنی سەرقاڵی داڕشتنی پلانی ئامادەکارین بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەکانیان لە کیێڤ بۆ لڤۆڤ یان بۆ پۆڵەندا.
هەینی 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، زۆرێک لە دیپلۆماتکارانی رۆژئاوایی بە ئاشکرا جەخت لە مانەوەیان لە کیێڤ دەکەنەوە. ئامانجی ئەو دیپلۆماتکارانە ئەوەیە، وای نیشان نەدەن، هاوپەیمانان ئۆکرانیا بە تەنیا لەبەردەم چارەنووسی نادیاردا جێدەهێڵن.
سەرەڕای داڕشتنی نهێنی ئەو پلانانە، نیگەرانییەکی زۆر لەنێو هاوپەیماناندا هەیە کە هەر جووڵەیەکی ئاشکرا بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەکان ببێتە هۆی داڕمانی ورەی ئۆکرانییەکان. هەر بۆیە دیپلۆماتکاران پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن وردەکارییە لۆجیستییەکان بە نهێنی بمێننەوە. رۆژنامەکە لەو بارەیەوە نووسیویەتی: "لەگەڵ ئەوەشدا، بە نهێنی پلانی یەدەگ بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەکان بۆ لڤۆڤ یان بۆ رۆژهەڵاتی پۆڵەندا دادەڕێژرێت."
ئەو پلانە خۆئامادەکارییانە لە کاتێکدایە دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا تاوتوێی ئەگەری راگەیاندنی کیێڤ وەک هێڵی بەرکەوتن دەکەن.
دیپلۆماتکارانی رۆژئاوایی ترسیان لە چڕکردنەوەی هێرشە مووشەکییەکانی رووسیا و بەکارهێنانی چەکە بالیستییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان هەیە. ئەوان لەوە نیگەرانن ئەو هێرشانە ژێرخانی ئابووریی ئۆکرانیا و ناوەندەکانی بڕیاردان لە پایتەختی ئۆکرانیا بکەنە ئامانج.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا هۆشداریی دا کە وڵاتەکەی ئامادەیە هەموو جۆرە چەکێک، لەوانەش چەکی ئەتۆمی، بۆ بەرگریکردن لە خاکی رووسیا و هەرێمی کالینینگراد بەکاربهێنێت ئەگەر رووبەڕووی هێرشی راستەوخۆ ببەنەوە. لە بەرامبەردا هاوپەیمانیی ناتۆ ئەم هەڕەشانەی بە زیانبەخش و مەترسیدار ناوبرد.
لە وتارێکدا لە کۆڕی ڤالدای لە مۆسکۆ، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ پلانێکی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی ئەوروپا نییە و دەیەوێت بە ئاشتی لەگەڵیاندا بژێت، بەڵام جەختیکردەوە، هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر کالینینگراد یان هەر بەشێکی دیکەی خاکی رووسیا بە بەکارهێنانی تەواوی توانای سەربازی وەڵام دەدرێتەوە.
لە وەڵامی ئەم لێدوانانەدا، هاوپەیمانیی ناتۆ هۆشدارییە ئەتۆمییەکانی پووتینی بە نەگونجاو و زیانبەخش ناوبرد و رایگەیاند، ئەم جۆرە هەڕەشانە هیچ یارمەتییەک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان نادەن.
کالینینگراد ناوچەیەکی ستراتیژیی سەر بە رووسیایە کە دەکەوێتە نێوان پۆڵەندا و لیتوانیا و هیچ پەیوەندیی جوگرافیی راستەوخۆی لەگەڵ خاکی سەرەکیی رووسیادا نییە. ئەم هۆشدارییە ئاڵۆزانەی مۆسکۆ لە کاتێکدا دێن کە گرژییەکانی نێوان رووسیا و وڵاتانی رۆژئاوا بەهۆی بەردەوامیی جەنگی ئۆکرانیاوە گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرز.