لە ساڵێكدا زیاتر لە 5 ھەزار كەس لە ھەرێمی كوردستان تووشی شێرپەنجە بوونە
"زیاتر لە 9 ملیۆن كەس بەھۆی شێرپەنجە لە جیھان گیانیان لەدەستداوە"
K24 - ھەولێر
رێكەوت حەمە رەشید، وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد لە ماوەی ساڵێكدا زیاتر لە 5 ھەزار كەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوونە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وەزیری تەندروستی رایگەیاند: "لە ساڵی 2018دا زیاتر لە 18 ملیۆن و 100 ھەزار كەس لە جیھان تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوونە و زیاتر لە 9 ملیۆن كەس گیانیان لەدەستداوە".
گوتیشی: "ئاماری تووشبوان بە نەخۆشی شێرپەنجە لە ھەرێمی كوردستان لەژێر ستاندارە جیھانییەكاندایە و تەنھا لە 100 ھەزار كەس 105 كەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوونە. لەماوەی ساڵێكدا نزیكەی 5 ھەزار و 680 كەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوونە، زۆربەی دەرمان و چارەسەرەكان لە رێگەی وەزارەتی تەندروستی و سندووقی كۆمەك و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی دابین كراون. ئەو نەخۆشانەی كە چارەسەریشیان نەبووە نێردراون بۆ دەرەوەی وڵات".
وەزیری تەندروستی ھیواشی خواست ئەو كەموكوڕیانەی پێشتر ھەبووە لە ئەمساڵدا چاكبكرێت، بۆ ئەمەش لەگەڵ وەزارەتی دارایی رێككەوتووین و بەڵێنیانداوە كە ھاوكارمان بن لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان لە ھەموو پارێزگاكان".