ترەمپ شیعەکانی عێراق توڕە دەکات

بەشێک لە شیعەکان هەڕەشەی رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/a6410879-2d94-4ac4-bcfe-778b8c6361d5/020419KBB.ism/manifest

K24 - ھەولێر

لایەنە شیعەکانی عێراق لە لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ چاودێریکردنی چالاکییەکانی ئێران نیگەرانن. جەختیشدەکەنەوە، رێگە بە ئەمەریکا نادەن عێراق بۆ چاودێریکردن و هێرشکردنە سەر خاکی ئێران بەکاربێنێت. لەلایەکی دیکەوە، بەشێك لە گرووپەکانی ناو حەشدی شەعبی هەڕەشەی رووبەڕوو بوونەوەی ئەمەریکا دەکەن، ئەگەر لە عێراقەوە هێرش بکاتە سەر ئێران و سووریا.

لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا، سەبارەت بە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ چاودێریکردنی چالاکییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، تەواوی لایەنە شیعەکانی نیگەرانکرد، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵدەدەن، لە ڕێگەی پەرلەمانەوە پەلە لە دەرکردنی یاسایاک بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بکەن، هەروەها بەشێک لە گرووپەکانی ناو حەشدی شەعبیش هەڕەشەی رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئەمرریکا لەو وڵاتە دەکەن.

سەباح ساعدی، سەرۆکی کوتلەی هاوپەیمانێتی سائیروون لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا، داوای لە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، هەموو رێوشوێنێک بۆ کۆنترۆڵکردنی جموجۆڵی سەربازانی ئەمەریکا لەو وڵاتە بگرێتەبەر. جەختیکردەوە، رێگە بە سەرۆکی ئەمەریکا و هێزەکەی نادەن خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنێت، داواشیکرد، کوتلە سیاسییەکان  لە رێگەی پڕۆژەیاسایەکەوە پەلە لە دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا بکەن.

هاوپەیمانێتی فەتح، کە بە دووەم گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی دادەندرێت و لە زۆرینەی گرووپەکانی حەشدی شەعبی پێکدێت، ئاشکرای دەکات، لە چەند رۆژی داهاتوودا پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کۆدەبێتەوە، دروستکردنی هەر بنکەیەکی سەربازی گەورەی ئەمەریکا لە عێراقیش بە داگیرکردنی ئەو وڵاتە دەزانێت.

لە چەند رۆژی رابردوودا، گرووپەکانی ناو حەشدی شەعبی هەڕەشەی رووبەڕووبوونەوەی ئەمەریکا لە عێراقیان کرد، لە ئەگەری هەر جموجۆڵێکی سەربازی دژ بە وڵاتانی سووریا و ئێران.

 لە دوای لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمەریکاش، جەعفەر حوسەینی، گوتەبێژی حزبوڵڵای عێراق رایگەیاند، ناکرێت سەرۆکی ئەمەریکا وابیربکاتەوە، کە لە خاکی عێراقەوە دەتوانێت هێرشی سەر ئێران بکات.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو دەستە دەبڕن، کە بە نیازە لە عێراقەوە هێرشی سەر سووریا و ئێران بکات.

لە چاوپێکەوتنێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، هێزەکانیان لە عێراق ناکشێننەوە و لە خاکی ئەو وڵاتەشەوە چاودێری جموجۆڵەکانی ناوچە ئاڵۆزەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکەن.