"مێسی بۆ كلاسیكۆ 100% ئاماده‌یه‌"

نوێترین زانیاری له‌ باره‌ی چاره‌نووسی مێسی له‌ كلاسیكۆ بڵاوكرایه‌وه‌

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی میدیاكانی ئیسپانیا ئه‌مڕۆ زۆرترین هه‌واڵی جیاوازییان له‌ باره‌ی چاره‌نووسی پێكانه‌كه‌ی مێسی له‌ كلاسیكۆ بڵاو كرده‌وه‌ و به‌شێكیان گومانیان دروست كرد كه‌ بتوانێت به‌شداری له‌ یارییه‌كه‌ بكات، به‌ڵام له‌ پرۆگرامێكی وه‌رزشی ناسراوی ئیسپانیا جه‌خت له‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ مێسی 100% ده‌توانێت به‌شداریی له‌ كلاسیكۆ بكات.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌ پرۆگرامی چیرینگیتۆی ته‌له‌ڤزیۆنی ئیسپانیا به‌پشت به‌ستن به‌چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌ك ڕوون كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ مێسی بۆ كلاسیكۆ ئاماده‌یه‌ و هیچ كێشه‌یه‌ك نییه‌.

جه‌خت له‌وه‌ش كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئازاره‌كه‌ی مێسی له‌ ڕانی بووه‌، ئه‌وه‌ش به‌ كورترین ماوه‌ چاره‌سه‌ری بۆ كراوه‌ و به‌ڕێژه‌ی 100% بۆ كلاسیكۆ ئاماده‌یه‌.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌ ئه‌گه‌ر مێسی له‌ جومگه‌كان یان چۆكی پێكانی هه‌با مه‌ترسی له‌سه‌ر ده‌بوو، به‌ڵام گرژبوونی ماسولكه‌كانی ڕان هیچ مه‌ترسییه‌ك دروست ناكات.

ئه‌م هه‌واڵه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ رۆژنامه‌ی ئاسی مه‌دریدی جه‌ختی له‌وه‌ كردۆبووه‌وه‌ كه‌ مێسی هیچ ئازارێكی نییه‌ و به‌ ته‌واوه‌تی بۆ كلاسیكۆ ئاماده‌یه‌، به‌ڵام له‌ پێناو فریودانی یاریزانانی ریال مه‌درید ئه‌م بابه‌ته‌ یه‌كلایی ناكه‌نه‌وه‌ و ده‌یانه‌وێت سۆلاری راهێنه‌ری ریال مه‌درید تووشی دڵه‌ڕاوكێ بكه‌ن.

بڕیاره‌ چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو له‌ كاتژمێر 11:30ـی شه‌و، له‌ یاری چوونی پێشكۆتایی جامی شای ئیسپانیا له‌ كامپ نوو بارسێلۆنا و ریال مه‌درید رووبه‌ڕووی یه‌كتر ببنه‌وه‌.