پارتی و یەكێتی بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت كۆدەبنەوە

"لیژنه‌كانی دانووستان، كاری باشیان كردووه‌"

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ شاندی باڵای پارتی و یه‌كێتی له‌ هه‌ولێر كۆده‌بنه‌وه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه له‌ باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان‌‌ بدرێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 بڕیارە ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بۆ تاوتوێكردنی پێكھێنانی كابیەنی نوێی حكوومەت لەسەر ئاستی باڵا لە شاری هەولێر کۆببنەوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەكێتی نیشتمانیی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "كۆبوونەوەی ئەمجارەی نێوان پارتی و یەكێتی گرنگە و بڕیاری گرنگیشی تێدا دەدرێت".

 ئاماژەی بەوەش كرد، لەگەڵ پارتی بۆچوون و تێڕوانینیان نزیكن لە یەكەوە.

فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌باره‌ی گفتوگۆی لایه‌نه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە کوردستان24ی گوت:‌ "لیژنه‌كانی دانووستان، كاری باشیان كردووه‌ و هیوادارین‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ نه‌گاته‌ نه‌ورۆز".

راشیگەیاند: "کێشەی پارتی و یەکێتی ئەوەیە، یەکێتی دەیەوێت پرسەکانی بەغدا و هەولێر پێکەوە چارەسەر بکرێن، بەڵام پارتی دەیەوێت سەرەتا لە هەرێمی کوردستان رێککەوتن بکرێت پاشان پێکەوە بچنە بەغدا".

بڕیاربوو پارتی و یەكێتی لە 29/1/2019 كۆببنەوە، بەڵام لەسەر داوای یەكێتی كۆبوونەوەكە دواخرا.