بەھۆی مەترسی رووخانی شاخ گوندێكی كوردستان چۆڵ دەكرێت

داوا دەكەن پسپۆران سەردانی گوندەكەیان بكەن

K24 - مەریوان

بەفر و بارانی زۆر و هەرەس هێنانی زەوی هەڕەشە لە دانیشتووانی گوندێکی رۆژهەڵاتی کورستان دەکەن. خەڵکی ئەو گوندە بە کوردستان 24یان راگەیاند لە لایەن کاربەدەستانی حکوومییەوە ئاگادار کراونەتەوە کە پێویستە هەرچی زووتر گوندەکەیان چۆڵ بکەن.

گوندی دوپلوورە لە ناوچەی سەرشیوی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە نێوان شارەکانی سەقز و مەریوان هەڵکەوتووە. لە پاش بەفر و بارانی مانگی رابردوو لەو ناوچجەیە شاخێكی پشت گوندەکە هەرەسی هێناوە. ئەو قەڵەشتەی کەوتووەتە سەر شاخەکەی پشت گوند رۆژ دوای رۆژ بەرینتر دەبێتەوە، ئەمەش ژیانی دانیشتوانی گوندەكەی رووبەڕووی مەترسی کردووەتەوە.

هەرەسی شاخەکە و رۆچوونی زەوی بووەتە هۆی ئەوەی دیوار و یا سەربانی زۆربەی خانووەکانی ئەو گوندە بتەقێت. ئەو خانووانەی زیاتر زیانیان پێگەیشتووە چۆڵ کراون، بەڵام مەترسی لەسەر هەموو خانووەکان هەیە.

خەڵکی ئەو گوندە  داوا لە حکوومەت دەکەن، لە رێگای ناردنی چەند پسپۆڕێکەوە بۆیان روون کاتەوە ئاخۆ گوندەکەیان بۆ ژیان دەبێت، یا دەبێ بە یەکجاری چۆڵی بکەن.

بەرپرسانی باڵای مەریوان سەردانی ئەو گوندەیان کردووە، بەڵام تا ئێستا بە کردەوە هیچیان بۆ نەکردوون وەک دەشڵێن بەڕێوەبەری ناحیە بە خەڵکی گوتووە باشتر وایە خانووەکانیان چۆڵ بکەن.

زۆربەی خەڵکی گوندی دوپلوورە هەژارن و لە رێگای ئاژەڵدارییەوە بژێوی ژیانیان دابین دەکەن. ئەوان بەو بەفر و باران و سەرمایە، توانایی ئەوەیان نییە بۆ پاراستنی خۆیان شوێنی ژیانیان و ئاژەڵەکانیان بگوازنەوە. هەر بۆیە بە ترس و دڵەڕاوکێوە لە ناو گوندەکەیان ماونەتەوە و چاوەڕێن بەڵکو هەواڵێکی دڵخۆشکەریان لە لایەن حکوومەتەوە پێ بگات.