دانانی كامێرای چاودێری له قوتابخانه‌كان مامۆستا و قوتابیان نیگەران دەكات
یەكێتی مامۆستایان دژی دانانی كامێرای چاودێرییە لە پۆلەكان
K24 - ھەولێر
دانانی كامێرای چاودێری له‌ناو پۆله‌كانی خوێندن دا له هه‌ندێك له قوتابخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، نیگه‌رانی و ناڕه‌زایی قوتابیان و مامۆستایان لێكه‌وتووه‌ته‌وه. له بهداوداچوونێكی كوردستان24 قوتابییه‌ك ده‌ڵێ "له پۆلێكدا كه كامێرای چاودێری تێدا بێت ئه‌وه‌نده‌ی بیر و هۆشمان لای كامێراكه‌یه ئه‌وه‌نده ئاگامان له بابه‌تی وانه‌كه نابێت". یه‌كێتی مامۆستایانیش دژی ئه‌و كاره‌یه و دانانی كامێرای چاودێری له پۆله‌كانی خوێندن دا ره‌تده‌كاته‌وه وه‌زاره‌تی په‌ره‌وه‌رده‌ش ئاماده‌ن نییه روونكردنه‌وه بدات.
لە یه‌كێك له قوتابخانه‌كانی شاری هه‌ولێر، قوتابیان و مامۆستایانی نیگه‌رانن له دانانی كامێرای چاودێری له‌ناو پۆله‌كانی خوێندن، كوردستان24 هه‌وڵیدا له‌وباره‌یه‌وه رای به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه و قوتابیان و مامۆستایان بزانێت، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه به بیانووی نه‌بوونی مۆڵه‌ت رێگه‌ی پێنه‌داین. ناچار چووینه یه‌كێكی دیكه له قوتابخانه‌ن، لەوێش كامێراكانی چاودێری ده‌بینێت كه له‌ناو قوتابخانه‌كه جێگیركراون، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه رهتیدهكاته ئه‌وان كامێرای چاودێری له‌ناو پۆله‌كانی خوێندن دابنێن و ده‌ڵێ: "كامێرا‌كان ته‌نها له ده‌ره‌وه‌ی پۆلهكانن و بۆ رێگری كردنه له هه‌ر حاڵه‌تێكی نه‌خوازراو".
یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان دانانی كامێرای چاودێری له‌ناو پۆله‌كانی خوێندن دا به پێچه‌وانه‌ی یاسا و رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌ره‌وه‌رده ده‌زانێت و هه‌ر كارێكی له‌و شێوه‌یه ره‌تده‌كاته‌وه.
