تورکیا چاوەڕێی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی ھەرێمی كوردستانە

ئه‌نقه‌ره‌ به‌نیازی هه‌ماهه‌نگی زیاتره‌ له‌گه‌ڵ هه‌ولێر

K24 - ھەولێر

فاتیح یڵدز باڵیۆزی تورکیا لە عێراق بە کوردستان24ی راگه‌یاند، تورکیا چاوەڕێی پێكھێنانی كابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، تا ھەماھەنگی زیاتری لەگەڵدا بکات و درێژە بە پەیوەندییەکان بدات.

فاتیح یڵدز باڵیۆزی تورکیا لە عێراق گوتی: "ئێمە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لە قۆناخێکی نوێی پەیوەندیداین، وەک دەزانن لە ماوەی رابردوودا دووبارە دەستمان بە گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکانی تورکیا بەرەو سلێمانی دەستیپێکردەوە. ھیواداریشین پەیوەندییەکانی بەغدا و ھەولێریش باشتر پێشبکەون".

راشیگەیاند: "لە بارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش ئەو کابینەیەی کە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، وەک تورکیا ھیوادارین حکوومەتی نوێ زوو پێکبێت تا ھەماھەنگی لەگەڵ بکەین".

باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، گوتیشی: "سەبارەت بە رووداوەکانی شیلادزێوە، ئەو رووداوانە ھۆکارەکەی پەکەکە بوو، ئەوان ویستیان دووژمنداری لە نێوان ئێمە و خەڵکی ناوچەکە درووستبکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون".

یڵدز، ئاماژەی بەوەشكرد: "ئێمە لە کەرکووك سەنتەری تۆمار و پێدانی ڤیزامان کردووەتەوە، بەڵام پلانمان وایە کە بەمزووانە لە نەجەفیش و لە کەرکووکیش کونسوڵخانە بکەینەوە. ھەرچی پەیوەستە بە کونسوڵخانەکەی مووسڵیش ئێمە چاوەڕوانی دەستپێشخەری و بڕیاری حکوومەتی عێراقین".