"پارتی و یەكێتی رێككەوتنێكی سیاسی واژوو دەكەن"
"لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركووك رێكدەكەون"
K24 - سلێمانی
بەرپرسێكی یەکێتی ئاشكرای دەكات، لە دوا كۆبوونەوەیاندا پارتی و یەكێتی لەسەر ئەوە رێككەوتوون، كە رێككەوتنێكی سیاسی واژوو بكەن و پێش 18ی ئەم مانگە و وادەی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك جارێكی دیكە پارتی و یەكێتی كۆدەبنەوە.
لەتیف نێروەیی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە كوردستان24ی رایگەیاند: "لە دوایین كۆبوونەوەدا یەکێتی و پارتی كۆبوونەوەیەكی بەرھەمداربوو، لەسەر ئەوە رێككەوتوون رێككەوتنێكی سیاسی واژوو بكەن، بەر لەوەی 18ی مانگ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بكرێت، یەكێتی و پارتی جارێكی دیكە كۆدەبنەوە".
گوتیشی: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا مەکتەبی سیاسی یەكێتی تاوتوێی کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان یەکێتی و پارتی دەکات".
لەتیف نێروەیی، ئاماژەی بەوەشدا: "دەبێت یەکێتی و پارتی لە پرسە ناوخۆیی و دەرەکییەکان یەکدەنگ و هاوڕابن".