55ـه‌مین کۆنگرەی ئاسایشی میونشن بەڕێوەدەچێت

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەشدار دەبێت

K24 – هه‌ولێر:

سبەی هەینی 15/02/2019، 55ـەمین کۆنگرەی ئاسایشی میونشن بەڕێوەدەچێت و تیایدا مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەشدار دەبێت.

مه‌سرور بارزانی، به‌ داوه‌تنامه‌یه‌كی فه‌رمی بانگهێشتكراوه‌ و شاندی یاوه‌ریشی پێكهاتووه‌ له‌ سه‌فین دزه‌یی، گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێم و دڵشاد بارزانی، نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ ئه‌ڵمانیا.

بڕیارە لە پەراوێزی کۆنگرەکە، مەسرور بارزانی چەندین دیدار و چالاکی لەگەڵ شاندی دیپلۆماسی و ئەمنی و ئەندام پەرلەمانی وڵاتانی بەشدار ئەنجام بدات.

کارنامەی کۆنگرەی ئاسایشی میونشن بۆ ساڵی 2019

بابەتە سەرەکییەکانی ئەمجارەی کۆنگرەکە لە بارەی دابینکردنی دڵنیایی بۆ یەکێتی ئەوروپا، هەماهەنگی وڵاتی ترانس ئەتلانتیک (ئەمەریکا، ئەوروپا و کەنەدا) و رکابەری هێزە باڵادەستەکان، داهاتووی سیاسەتی بەرگریی و کۆنتڕۆڵی چەک، کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا و داهێنانە تێکنەلۆژییەکان دەبێت.

جیا لەو بابەتانەش، هێرشی ئەلیکترۆنی، ئاسایشی وزە و هەڕەشەی نەتەوەیی باس دەکرێن.

کەسە بەشداربووەکان:
ئەم ساڵ، زیاد لە 35 سەرۆک و سەرۆک وەزیران، 50 وەزیری دەرەوە و 30 وەزیری بەرگریی لە تەواوی جیهان بەشداری لە کۆنگرەکە دەکەن و ئەنگێلا مێرکڵیش، وەکو راوێژکاری ئەڵمانیا بەشدار دەبێت.

مێژووی کۆنگرەکە:

لە ساڵی 1963ەوە، ساڵانە کۆنگرەی ئاسایشی میونشن بە مەبەستی دروستکردنی هەماهەنگی زیاتری جیهانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە جیهانییەکان بەڕێوەدەچێت و دەرفەتێکیشە بۆ کەسانی بەرپرس لەو بوارە، تاکو بیروڕاکانیان ئاڵۆگۆڕ بکەن و پەیوەندی بەهێزتر دروست بکەن.

H.J