ئەمریکا 20 هەزار سەربازی دیکە دەنێرێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا هەنگاوەکانی بۆ بڵاوەپێکردنی هێزەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خێراتر کردووە و پلانی هەیە 20 هەزار سەربازی دیکە، 150 فڕۆکەی جەنگی، سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و چەندین کەشتیی تێکشکێنەر رەوانەی ناوچەکە بکات. هاوکات لە هەنگاوێکی جیاوازدا، سوپای ئەمریکا دوو سیستمی بەرگریی مووشەکیی پاتریۆتی لە سعوودیە و قەتەر جێگیر کردووە بۆ پاراستنی دامەزراوە ستراتیژییەکانی وزە بەر لە دەستپێکردنەوەی هەر ئۆپراسیۆنێکی سەربازی.

چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆژنامەی "واشنتن پۆست"یان راگەیاندووە، مەبەست لە زیادکردنی هەزاران سەربازی هێزی دەریایی لە چەند هەفتەی داهاتوودا، فراوانکردنی بژاردەکان و بەرزکردنەوەی توانای بڕیاردانی سەرۆک و فەرماندە سەربازییەکانە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"یش، سێ فڕۆکەهەڵگرەکان بریتین لە "جۆرج واشنتن" لە دەریای عەرەب، "جۆرج ئێچ دەبلیوو بووش" لە زەریای هیندی و "تیۆدۆر رۆزڤێڵت" کە لە سان دیێگۆوە بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوتووە و پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستی مانگی 11 بگاتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەرپرسانی ئەمریکا ئاشکرایان کرد، بەم هەنگاوە نوێیە، ژمارەی سەربازانی ئەمریکی لە ناوچەکەدا لە 50 هەزارەوە بەرز دەبێتەوە بۆ نزیکەی 70 هەزار سەرباز.

لە لایەکی دیکەوە، سوپای ئەمریکا رەوانەکردنی دوو سیستمی مووشەکیی پاتریۆتی بۆ ناوچەکە پشتڕاست کردووەتەوە؛ سیستمێکیان بۆ پاراستنی دامەزراوەیەکی سەرەکیی نەوت لە سعوودیە و سیستمەکەی دیکەش بۆ پاراستنی دامەزراوەیەکی گازی سروشتی لە قەتەر جێگیر کراون.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"، جێگیرکردنی ئەم سیستمە بەرگرییانە بە مەبەستی دڵنیاییدان بووە بە هاوپەیمانە هەرێمییەکان بەر لە ئەگەری بڕیاردانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژ بە ئێران.

ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەش کردووە، داواکاریی ئەو وڵاتانە یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بڕیارەکەی ترەمپ بۆ ئەوەی تا ئێستا پەنا نەباتە بەر هێرشی سەربازی و لە جیاتی ئەوە پەیڕەویی کەمپەینی فشاری ئابووری بکات. ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە ئامادەکارییەکانی رووبەڕووبوونەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامییان هەیە.