سەدر پڕۆژەی دەركردنی ھێزە بیانییەكان لە عێراق فراوانتر دەكات

پڕۆژەیەك پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كراوە

K24 - ھەولێر

دەرچوونی هێزەکانی ئێران و تورکیا لە خاکی عێراق، مەرجی سەدرییەکانە بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، سەرچاوەیەکی باڵای رەوتی سەدریش بە میدیاکانی راگەیاندووە، موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتەکە دژی بوونی هێزەکانی ئێرانە لە خاکی عێراق.

رۆژنامەی عەرەب لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای رەوتی سەدر بڵاویکردووەتەوە، هاوپەیمانێتیی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ هاوپەیمانێتیی سائیرون، داوایان لە نوێنەرانی سەدر کردووە، لە پەرلەمان پاڵپشتیی لە پڕۆژەیاسای دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بکات، بەڵام موقتەدا سەدر پشتیوانیکردن لە پڕۆژەیاساکەی پەیوەست کردووە بە دەرچوونی هێزەکانی ئێران، تورکیا و ئیتاڵیا لە خاکی ئەو وڵاتە.

50 پەرلەمانتاری عێراق داوایەکیان بۆ دەرکردنی یاسایەک بۆ دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە، هاوپەیمانێتیی فەتح، کە لە هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا، بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی و عەسائیب ئەهلولحەق بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی پێكهاتووه‌، کە هاوپەیمانێتییەکە بە نزیک لە ئێران دادەندرێت، راستەوخۆ پشتیوانی لە پڕۆژەیاساکە دەکەن.

سەرچاوەکە ئاشکرایکردووە، هاوپەیمانێتیی فەتح جگە لەوەی پشتیوانی لە دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکات، لەگەڵ دەرچوونی هێزەکانی هەریەک لە ئیتاڵیا و تورکیاشە، بەڵام دەرچوونی هێزەکانی ئێران لەو وڵاتە ئاستەنگی گەورەی لەبەردەم هاوپەیمانێتییەکە دروست کردووە، کە تاوەکو بتوانن سەدرییەکان رازی بە دەنگدان بە پڕۆژەیاساکە بکەن.

سەعد مەتلەبی، سەرکردە لە هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا، لەبارەی هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ رازیکردنی لایەنەکان بە دژایەتیکردنی پڕۆژەیاساکە رایگەیاندووە، ئەمەریکا گوشار دەخاتە سەر پەرلەمانتاران، کە دەنگ بە پڕۆژەیاسای دەرچوونی هێزەکانیان لەو وڵاتە نەدەن، ئەمەش وایکردووە، بەشێک لە پەرلەمانتاران لە هەڵوێستەکانیان بۆ دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا پاشگەز ببنەوە.

پێشتر ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا رایگەیاندبوو، لە دوای کۆتاییهاتنی داعش لە عێراق، ئێران تەواوی هێزەکانی لەو وڵاتە کشاندووەتەوە.

ھ.م