مه‌سرور بارزانی هۆشداری له‌ ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر ده‌دات

"ده‌بێت هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی توندوتیژی له‌ بنه‌ڕه‌تدا چاره‌سه‌ر بكرێن"

K24- هه‌ولێر:

ئەمرۆ چوارشەممە ٢٠-٢-٢٠١٩ له‌ دیدارێكی نێوان مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و جەنەڕال پۆڵ لێکامێرۆ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندی یاوەری، گفتوگۆ له‌باره‌ی دوایین گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ كرا.

لەم دیدارەدا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پێشخستنی زیاتری میکانیزمی هەماهەنگیی نێوان هێزه‌ پەیوەندیدارەکان و بەگژداچوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریزم گفتوگۆیان لەسەر کرا.

مەسرور بارزانی، وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ له بایه‌خ و گرنگیی هاوکاریی زیاتری هێزی پێشمەرگە بۆ بەگژداچوونەوەی‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆریستان، ئاماژەی بە پەرەسەندنی جموجۆڵ و کردەوە تیرۆریستییەکان لە چەند پارێزگایەکی عێراق دا و رایگەیاند، ئەگەر لە بنەڕەتەوە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی تیرۆر و توندوتیژی لە ناوچەکە چارەسەر نەکرێن، زەمینەی سەرھەلدانەوەی توندوتیژی لەژێر ناو و شێوازی جیادا بەردەوام دەبێت.

لە بەرامبەردا فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا دووپاتی کردەوە، کە هاوپەیمانان لە هاوکاری و مەشق و پاڵپشتیكردنی هێزەکانی پێشمەرگە و عێراق بەردەوام دەبن، بۆ پاراستنی ناوچەکانیش، هاوبەشی و هەماهەنگیی نێوان ئەم هێزانەی بە پێویست زانی.

لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا، پەرەسەندنەکانی رەوشی سووریا، بەتایبەتی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات، گفتوگۆی لەسەر کرا. پەیوەست بەو بابەتەش، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی لە ئەگەر و پێشهاتەکان لەو ناوچانە دەربڕی و جەختی لە دیالۆگ و چارەسەریی سیاسییانەی رەوشەکە کردەوە و رایگەیاند، كه‌ پێویستە لە گفتوگۆکاندا گەرەنتی ماف و ئاسایشی گەلی کورد لەو وڵاتەدا لەبەرچاو بگیردرێت.

H.B