عێراق لە پێنوێنی پێشکەوتنی مرۆیی پلەی 125ـی بەدەستهێنا

عێراق لە پێنوێنی پێشکەوتنی مرۆیی بۆ ساڵی 2026، کە گۆڤاری CEOWORLDـی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، ریزبەندی 125ـی جیهانی بەدەستهێناوە. بەگوێرەی ئەو ریزبەندییە کە 196 وڵاتی لەخۆگرتووە، عێراق 70.58 خاڵی بەدەستهێناوە و ئاستەکەی بە مامناوەند دیاریکراوە.

لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، ئیمارات پلەی یەکەم و پلەی 31ـی جیهانی بەدەستهێناوە. هاوکات قەتەر لە پلەی 47، بەحرەین لە پلەی 54، سعوودیە لە پلەی 60، کوەیت لە پلەی 64، عومان لە پلەی 71 و لیبیا لە پلەی 89 ریزبەندکراون.

جەزائیر لە پلەی 90، ئوردن لە پلەی 98، لوبنان لە پلەی 102، توونس لە پلەی 105، میسر لە پلەی 109 و مەغریب لە پلەی 117 هاتوون. لە بەرامبەردا عێراق لە پلەی 125، سووریا لە پلەی 153، سوودان لە پلەی 165 و یەمەن لە پلەی 185 ریزبەندکراون.

پێنوێنی پێشکەوتنی مرۆیی کوالێتیی ژیان لە رێگەی 23 پێنوێنەوە هەڵدەسەنگێنێت کە بەسەر سێ تەوەری سەرەکیدا دابەشبوون؛ سەقامگیری، رازیبوون و هاوسەنگی، کە هەر یەکێکیان سێیەکی کێشی گشتیی پێنوێنەکە پێکدەهێنن.

تەوەری سەقامگیری گەشەی ئابووری، باج، تەمەنی پێشبینیکراو، قازانج، ئاسایشی پیشەیی، بارودۆخی نیشتەجێبوون، خەرجی، داهاتی خێزان دوای باج و گواستنەوەکان و کۆی سامانی دارایی لەخۆدەگرێت.

تەوەری رازیبوون سەلامەتی، بەختەوەری، کوالێتیی حوکمڕانی، تێگەیشتنەکان سەبارەت بە گەندەڵی، مردنی منداڵان و دایکان، ژێرخانی ئابووری، گواستنەوە و کارایی سیستەمی تەندروستی و پەروەردەیی لەخۆدەگرێت.

تەوەری هاوسەنگی مافەکانی مرۆڤ، ئازادییە مەدەنییەکان، مافە سیاسییەکان، هاوسەنگیی نێوان کار و ژیان، ئازادیی ئایینی، یەکسانیی جێندەری و پاراستنی ژینگە لەخۆدەگرێت.

سەنگاپوورە پێشەنگایەتیی ریزبەندیی جیهانیی پێنوێنی 2026ـی کردووە، سویسرا، دانیمارک، نەرویج و ئایرلەندا لە پلەکانی دواتردا هاتوون، هەروەها ئایسلەندا، سوید، هۆڵەندا، فینلەندا و ئەڵمانیا لەنێو دە پلەی یەکەمدا بوون.

راپۆرتەکە روونیدەکاتەوە نۆ وڵاتی ئەوروپی دە پلەی یەکەم پڕدەکەنەوە، سەنگاپوورەش تەنیا وڵاتی ئاسیاییە لەنێو ئەو دە وڵاتەدا.