رۆیتەرز: بەرپرسانی سووریا و حزبوڵڵا بەنهێنی لە تورکیا کۆبوونەوە

لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا لە ئەنقەرە بە نێوەندگیریی تورکیا، نوێنەرانی حکوومەتی سووریا و حزبوڵڵای لوبنان گفتوگۆیان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوانیان کرد، بەبێ ئەوەی بگەنە هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی.

بەپێی زانیاریی شەش سەرچاوەی ئاگادار، نوێنەرانی حکوومەتی سووریا و حزبوڵڵای لوبنان لە تورکیا کۆبوونەوەیەکی نهێنییان کردووە، ئامانج لێی هێورکردنەوەی ئەو گرژییانە بووە لە نێوانیاندا سەریان هەڵداوە.

سەرچاوەکان بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ـیان راگەیاندووە، کۆبوونەوەکە بە بانگهێشتی دەزگا ئەمنییەکان و هەواڵگریی تورکیا بەڕێوەچووە و تێیدا نوێنەرانی حزبوڵڵا لەگەڵ بەرپرسانی هەواڵگری و وەزارەتی دەرەوەی سووریا بەشدار بوون.

هاوکات بەرپرسێکی ئەمریکی ئاماژەی بەوە دا، کۆبوونەوەکە سەرنجی خستووەتە سەر چارەسەرکردنی خاڵە ناکۆکەکان و بە شێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەچووە. هەردوو لایەن جەختیان لەوە کردووەتەوە هیچ دوژمنایەتییەکیان بەرانبەر یەکتر نییە و سووریا دڵنیایی داوەتە حزبوڵڵا بۆ چەککردنی ئەو گرووپە، دەستوەردانی سەربازی لە لوبنان ناکات.

لە بەرانبەردا بەرپرسانی سووریا داوایان لە حزبوڵڵا کردووە یارمەتییان بدەن لە رێگریکردن لە هەوڵەکانی قاچاخچێتی لە سنوورەکان و هەڵوەشاندنەوەی ئەو شانە نووستووانەی حزبوڵڵا کە بەتایبەتی لە باشووری سووریا ماونەتەوە. نوێنەرانی حزبوڵڵا وەڵامێکی راستەوخۆیان بە داواکارییەکەی سووریا بۆ راگرتنی قاچاخچێتیی چەک و هەڵوەشاندنەوەی شانەکان نەداوەتەوە، بەڵام بەڵێنیان داوە دەستوەردان لە کاروباری سووریا نەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەردوولا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان.

دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی 2024 حکوومەتی پێشووی سووریا بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد رووخا و حکوومەتێکی نوێ پێکهێنرا، پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و حزبوڵڵای لوبنان بە تەواوی گۆڕانکارییان بەسەردا هات. حزبوڵڵا، بۆ چەندین ساڵ هاوپەیمانی سەرەکیی ئەسەد بوو و هێزێکی زۆری بۆ پاراستنی رەوانەی سووریا کردبوو، بەڵام ئێستا لەلایەن حکوومەتی نوێی سووریاوە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر سەروەریی خاکەکەی سەیر دەکرێت.

لە چەند مانگی رابردوودا گرژییەکانی نێوان هەردوولا زیاتر بوون، بەتایبەتی دوای ئەوەی دیمەشق هەڵمەتێکی بۆ رێگریکردن لە قاچاخچێتیی چەک و ماددە هۆشبەرەکان دەستپێکرد، زۆرجار پەنجەی تۆمەت بۆ حزبوڵڵا درێژ دەکرێت و ئەمریکاش هانی سووریا دەدات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە. لەم نێوەندەدا تورکیا خوازیاری سەقامگیریی سنوورەکانی باشووریەتی و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا هەیە، بۆیە هەوڵ دەدات لەرێگەی دەزگا هەواڵگرییەکانییەوە رێگری لە دروستبوونی ئاڵۆزیی نوێ لە ناوچەکەدا بکات.