مه‌سرور بارزانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئێران لە عێراق تاوتوێ ده‌كات

باڵیۆزی ئێران: سەقامگیریی کوردستان بۆ ئێمە گرنگە

K24- هه‌ولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠-٢-٢٠١٩ له‌ دیدارێكی نێوان مه‌سرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی تاوتوێ كران.

لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای تیشک خستە سەر پەیوەندیی لە مێژینەی نێوان هەردوو گەلی کوردستان و گەلانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئاڵوگۆڕكردنی مامەڵەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاماژە بە دوا هەنگاوەکانی هەڵبژاردنیش درا.

لای خۆیەوە باڵیۆزی ئێران لە عێراق، تیشکی خستە سەر میکانیزمی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دووپاتی لە پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، "لە داهاتوودا ئەو پەیوەندییانە بەهێزتر دەکەین و سەقامگیریی کوردستان بۆ ئـێمە گرنگە".

پەرەسەندنی رەوشی ناوچەکە بە گشتی و ئاساییکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی رەوشی ناوچە ئاڵۆزەکانی عێراق، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

H.B