ئه‌مه‌ریكا: هەرێمی كوردستان یەكێكە لە سەركەوتووترین ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

گفتوگۆكردنی ئاینده‌ی كورد له‌ سووریا ته‌وه‌رێكی گرنگی دیداره‌كه‌ بوو

K24- هه‌ولێر:

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 20ـی 2ـی 2019 لە سەلاحەددین, له‌ دیدارێكی نێوان سەرۆك مەسعود بارزانی و جێمس جێفری، نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژ به‌ داعش و شاندێكی یاوه‌ری, كه‌ له‌ جۆڵ ڕایبێڕن، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست, كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر بە وەكالەت و ئەندامانی تیمی ئەمەریكیی تایبەت بە سووریا، پێكهاتبوون، بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا.

لە دیدارەكەدا نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا له‌ هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیی دژی داعش پێزانینی هەبوو بۆ پێشڤەچوون و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و ڕایگەیاند, سەرباری بوونی تەحەددیات و هەڕەشەی زۆر, هەرێمی كوردستان یەكێكە لە سەركەوتووترین ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها جه‌ختیشی كرده‌وه‌، تێكشكاندنی تیرۆر و بەدیهێنانی سەقامگیری، ئەولەوییەتی سەرەكیی ئەمەریكایە لە ناوچەكەدا.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دانیشتنەدا، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە سیاسی و مەیدانییەكان و نیگەرانی و پێشنیارەكان لەمەڕ ئاییندەی كورد لە سووریا ئاڵوگۆڕ كرا, پەیوەست بەم باسە جەخت لە هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان هەردوولا كرایەوە, ئەویش بە مەبەستی دابینكردنی سەقامگیری و ڕێگەگرتن لە شەڕ و كاولكاری، هەروەها ڕێگەگرتن لە ئازار و نەهامەتی بۆ گەلی كورد لە سووریا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەڕەشەكانی تیرۆریستان بۆسەر ئاساییشی ناوچەكە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و دووپات كرایەوە, هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان هاوپەیمانان و هەرێمی كوردستان, سەركەوتن و ئەنجامی زۆر ئه‌رێنی لە تێكشكاندن و پاشەكشەكردن بە تیرۆر لێ كەوتۆتەوە.

بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان هەردوولا و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و هەروەها پڕۆسەی سیاسیی هەرێم، تەوەری دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە بوون.

H.B