داعش خەڵكی خانەقین دەخاتە دڵەڕاوكێ
داعش لە 48 کاتژمێردا دووجار ھێرشی كردە سەر گوندشینانی سنووری خانەقین
K24 - خانەقین
لە ماوه‌ی 48 کاتژمێردا، چەکدارانی داعش دووجار په‌لاماری كوردانی دانیشتووی گوندەکانی سنووری شارۆچكه‌ی خانەقینیان داوە، گوندنشینەکانیش خۆیان بەرگریان لە خۆیان کردووە، فەرماندەکانی پێشمەرگەش دەڵێن، بە هۆی لاوازیی دەزگا ئەمنییەکانی عێراقەوە، داعش خەڵكی ناوچه‌كه‌ی خستۆته دڵەراوكێ، به جۆرێک، شەوانه ناوچه‌كه بە دەست چەکدارانی داعشەوەیە، بە رۆژیش كەمتر هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەردەکەون.
جموجۆڵ و کردەوە تیرۆرستییەکانی داعش لە سنووری شارۆچكه‌ی خانەقین و دەوروبەری، بە شێوەیەك زیادیان کردووە، كه كۆنتڕۆڵی ئه‌منیی سنووره‌كه له ده‌ستی هێزه‌كانی عێراق ده‌رچووه و نه توانای پارێزگاریكردن له خۆیان هه‌یه، نه پاراستنی سه‌ر و گیانی هاووڵاتیانی سڤیل، بۆیه هاووڵاتیانی سنووره‌كه هیچ متمانه‌یان به هێزه‌كانی عێراق نه‌ماوه و بەردەوام چاویان لە گەڕانەوەی ھێزەكانی پێشمەرگەیه، بۆ ئەوەی سەرو ماڵیان بپارێزێت.
كوردانی دانیشتووی ئه‌و ناوچانه‌ی، كه له‌ژێر مه‌ترسیی هێرشی چه‌كدارانی داعش دان، ده‌ڵێن "گەر رەوشەکە بەم جۆره به‌رده‌وام بێت و پێشمەرگە نەگەڕێتەوە، ئه‌وا هێزەكانی عێراق له توانایاندا نییه، نه خۆیان و نه ئێمه‌ش بپارێزن، بۆیه ناچارین گوندەکانمان چۆڵ بکەین".
بە گوێره ئه‌و زانیارییانه‌ی دەست کوردستان24 کەوتوون، چەکدارانی داعش هەڵمەتێکی گەڕانیان بەنێو گوندەکانی سنووری شارەدێی گوڵاڵە و قەرەتەپەدا دەست پێکردووە، بە زۆر دانیشتوانی گوندەکان کۆدەکهنەوە و داوای هاوکاریی ماددی و خۆراکیان لێ دەکه‌ن، هەر گوندێکیش هاوکاریان نەکات، ئەوا هەڕەشەی رفاندن و كوشتن له دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، هێزه‌كانی عێراقیش كه ئه‌ركی پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و ئه‌و ناوچانه‌یان له ئه‌ستۆ دایه، به ته‌واوی كۆنتڕۆڵی ئه‌و ناوچانه‌یان له‌ده‌ست داوه.
ھ.م