توركیا چوونە دەرەوە لە خوشك و برای ئۆجەلان قەدەخە دەكات

بە فەرمی ئاگادار كراونەتەوە

K24 - ھەولێر

حكوومەتی ئەنقەرە چوونە دەرەوەی لە خوشك و برایەكی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە توركیا  قەدەخە كرد.

داواكاری گشتیی كۆماریی له‌ شاری روحا، بە ئاماژەكردن  بۆ بڕیاری دادگای سزا گرانەكانی ئەو شارە، بڕیاری دا گەشتكردن بۆ دەرەوە لە ھەریەك لە محەمەد ئۆجەلان و فاتما ئۆجەلان، خوشك و برای رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، قەدەخە بكات و ئاماژەشی بەوە كردووە، ئەگەر پابەندی بڕیارەكە نەبن، دەستگیر دەكرێن.

لە بڕیارەكەدا ھۆكاری قەدەخەكردنی چوونە دەرەوە لە خوشك و براكەی ئۆجەلان روون نەكراوەتەوە.

ئەو بڕیارە پاش ئەوە دێت، كه‌ دوای چەندین جار داواكاری، رۆژی شەممە 12/1/2019، محەمەد ئۆجەلان، برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی چاوی بە براكەی كەوت. دوای دیدارەكەش هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) راگەیەندراوێكی لەبارەی دیداری ئۆجەلان بڵاوكردەوە و ئەو دیدارەی بە یاریی و شەڕی دەروونی دەسەڵاتدارانی توركیا ناوبرد.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە 15 شوباتی 1999، لە پرۆسەیەکی ھەواڵگرییدا، لە کینیا دەستگیر کرا و بە فڕۆکەیەکی تایبەتی تورکیا، لە لایەن رفێنەرەکانییەوە گواسترایەوە بۆ ئەنقەرە و لە دوورگەی ئیمڕاڵی بەند كرا.

ھ.م