ھەسەدە 231 چەكداری داعش رادەستی عێراق دەكاتەوە

پێشتر 151 چەکداری دیکەی داعشیان رادەستی عێراق كردبوو

K24 - ھەولێر

هێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە) 231 چەکداری داعش رادەستی عێراق دەکەنەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقی ئاشكرای كرد: "هێزەکانی هەسەدە 231 چەکداریان رادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردۆتەوە، کە هەڵگری رەگەزنامەی عێراقین".

سەرچاوەکە گوتیشی: "هێزە ئەمنییەکان ئەو چەکدارانەیان لە رێوشوێنێکی ئەمنی تونددا بۆ ئەو گرتووخانەیه‌ گواستۆتەوە، کە پێشتر 151 چەکداری دیکەی داعشی تێدا زیندانی کرابوو، کە لەلایەن هەسەدەوە رادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کرابوون".

بە گوتەی فەرماندەكانی ھەسەدە، ھێزەكانیان لە دوا قۆناخ دان بۆ كۆتایھێنان بە داعش لە سووریا، ئێستا شەڕی سەخت لە نێوان شەڕڤانانی ھەسەدە و چەكدارانی داعش لە باغۆز لە ئارادایە، كە دوا مۆڵگەی داعشە لە سووریا.

ھ.م