تەمەلی: تەواوی كۆمەڵگەی توركیا له‌ گۆشەگیریی دایە

"تا كێشەی كورد چارەسەر نەكرێت، ھیچ كێشەیەكی دیكە لە توركیا چارەسەر نابێت"

K24 - ھەولێر

ھاوسەرۆكی ھەدەپە دووپاتی دەكاتەوە، كه‌ گۆشەگیریی سنووری ئیمرالی تێپەڕاندووە و ئێستا تەواوی كۆمەڵگەی توركیا لە گۆشەگیریی دایە.

سەزای تەمەلی، ھاوسەرۆكی ھەدەپە لە دیدارێكدا لەگەڵ ئاژانسی فوراتی نزیك لە پەكەكە، رایگەیاندووە "توركیا لە یاسا دووركەوتۆتەوە و پێشێلكاریی بەرامبەر یاساكانی دەكات، گۆشەگیریش بووەتە سەرچاوەیەكی سەرەكیی پێشێلكردنی یاسا، ئێستا تەواوی كۆمەڵگەی توركیا لە گۆشەگیریی دایە، توركیا پرەنسیپە نێودەوڵەتییەكان پێشێل دەكات و داواكاریی ئێمەش تەنیا جێگیركردنی ماف و پەیڕەوكردنی یاسایە".

 ئاماژەی بەوەشكرد "تا كێشەی كورد چارەسەر نەكرێت، ھیچ كێشەیەكی دیكە لە توركیا چارەسەر نابێت و كلیلی چارەسەركردنی پرسی كوردیش، ئیمرالییە".

لەبارەی ھەڵبژاردنی شارەوانییەكانیشەوە، تەمەلی رایگەیاند "دەسەڵات رەوایەتیی خۆی لەدەست داوە، لە دۆخێكی مەترسیداردا بەرەو ھەڵبژاردنەكان دەچین، سەرۆك كۆمار و وەزیری ناوخۆ لەبری سیاسەت و خزمەتكردن، ھەڕەشەی جۆراوجۆر لە ھەدەپە دەكەن".

ھ.م