نازم شاکر بەهۆی خراپی ئاست و هەڵسوکەوتی دەستبەرداری تیاگۆ ئامارال دەبێت
نازم شاکر: تیاگۆ ئامارال لە رووی توانای هونەرییەوە سفرە
نازم شاکر بڕیاری داوە تیاگۆ ئامارالی هێرشبەری بڕازیلی یانەی هەولێر بەڕێبکات و چیدیکە یاریی پێنەکات و لە لێدوانێکی تایبەتی بۆ کوردستان24 راهێنەرەکەی هەولێر دەڵێت 'توانای هونەری سفرە'.
پێش یاریی سبەی هەولێر لە خولی نایابی عێراق کە وابڕیارە کاتژمێر 04:45 لە گەڕی نۆزدەمی خولەکە هەولێر لە یاریگای خۆی میوانداریی زەوڕا بکات، نازم شاکری راهێنەری یانەی هەولێر لە لێدوانێکیدا هەواڵی بەڕێکردنی تیاگۆ ئامارالی پشتڕاستکردەوە و گوتی 'من بە کارگێڕانی یانەکەم راگەیاندووە تیاگۆ ئامارال لە رووی هونەرییەوە توانای سفرە، من سێ یاریزانم بەڕێکردووە و ئەویشم بەڕێکردووە و کارگیڕانی یانەکەمان بەڵێنیان دا یاریزانی پیشەگەری زۆر باشم بۆ بهێنن، ئێمە دەستبەرداری موستەفا کەریمیش بووین، بەڵام بەداخەوە نەمانتوانی جگە لە مارسێل هیچ یاریزانی دیکە بهێنین، مارسێل یاریزانێکی باشە و باشتریش دەبێت، تیاگۆ ئامارال توانای هونەری زۆر خراپە، وەکو هەمووان دەیبینن هاندەرانیش بینیان، لە رووی هونەرییەوە هیچ توانایەکی نییە، پێنج شەش یاریی دەرفەتم پێدا بەڵام توانای سەرجەم تیپەکەمانی بەهەدەر دەدا، کاتێک تۆپمان دەگەیاندە لای ئەو، تۆپەکەی دەفەوتاند بەمەش هەموو ماندوو بوونمان بەفیڕۆ دەچوو، زۆر بە ئاسانی تۆپی لەدەست دەدا و لە رووی هونەرییەوە زۆر خراپە، بۆیە بڕیارم دا دووری بخەمەوە'. هەروەها راهێنەرەکەی یانەی هەولێری لەبارەی هێرشبەرە بڕازیلییەکەوە گوتیشی 'لە یاریی بەرامبەر کەرخ و بەحری چەند هەڵسەوکەتێکی ناشرینی ئەنجام دا، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی خراپی هەڵسوکەوت و توانای بڕیارم دا دووری بخەمەوە'.
تیاگۆ ئامارال لە یانەی زێرەڤانییەوە پەیوەندیی بە یانەی هەولێر کرد و ساڵی رابردوو لە خولی پلە یەکی عێراق رۆڵێکی باشی لە سەرخستنەوەی یانەی هەولێر هەبوو بۆ ریزی یانە نایابەکانی عێراق، بەڵام لە ریزی یانە نایابەکان تەنیا سێ گۆڵی بۆ هەولێر کرد، کە دووانیان بە لێدانی سزا بوو.