راهێنەری دهۆک بۆ دووەمجار نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی رەتکرایەوە
کارگێڕانی یانەی دهۆک بەنیازن چەند گۆڕانکارییەک لە تیپەکەیان بکەن
هەرمان ساڵحی راهێنەری یانەی دهۆک بۆ دووەمجار لەسەر یەک نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی لەلایەن کارگێڕانی یانەکەیەوە رەتکرایەوە و یانەی دهۆک بەنیازە چەند گۆڕانکارییەک لە تیپەکەیدا بکات.
دوای ئەوەی یانەی دهۆک لە دوایین یارییدا بەرامبەر شێروانە دۆڕا و حەوتەمین یاریی بەبێ بردنەوە بەڕێکرد و 50 رۆژە تامی هیچ بردنەوەیەکی نەکردووە، هەرمان ساڵح نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی بەرپرسانی یانەکەی کرد، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 کارگێڕانی یانەی دهۆک ئەو نامەیەیان رەتکردووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 لە سەرچاوەیەکی نزیک لە یانەی دهۆک، هەرمان ساڵح بۆ دووەمجار لەسەر یەک لەم وەرزە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی یانەکەی کردووە، بەڵام کارگێڕانی یانەی دهۆک رەتیانکردووەتەوە، کە دوێنێ شەممە دوای کۆبوونەوەیەکی درێژی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەی دهۆک بڕیاری دا بە بڕێک پارە یاریزانان و راهێنەرەکەیان بە پێبژاردنی بڕێک پارە سزا بدات، لە بەرامبەر ئەنجامە خراپەکانی ئەم دواییەیان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، بەرپرسانی یانەی دهۆک هەوڵ دەدەن بە هێنانی یاریزانی نوێ یانەکەیان بەهێزتر بکەن و بۆ گەڕەکانی کۆتایی ئەم وەرزە خۆیان ئامادە بکەن و لەوانەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا یاریزانێکی دیار و گەورە بگوازنەوە ریزەکانیان.
دهۆک بە کۆکردنەوەی 24 خاڵ لە پلەی شەشەم دێت و لەم وەرزە لەکۆی 17 یاری 9 یەکسانبوون و 5 بردنەوەی بەدەستهێناوە و تەنیا سێ یاریی تووشی دۆڕان بووە، هەرمان ساڵحیش لە یەکەم مانگی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان خەڵاتی باشترین راهێنەری مانگی خولەکەی بەدەستهێنا، کە مانگانە کوردستان24 دەستنیشانیان دەکات.