داعش بۆ ترساندنی هێزی دەستەبژێری بەریتانیا 50 ژنی ئێزدی سەردەبڕێت

هێزی دەستەبژێری بەریتانیش 100 چەکداری داعشیان کوشتووە

K24 – هه‌ولێر:

هێزی دەستەبژێری بەریتانی SAS، نزیکەی 50 ژنی ئێزدی بەسەر بڕدراوی لە گوندی باغۆزی سووریا دۆزیەوە کە داعش وەکو "کۆیلەی سێکسی" بەکاریهێنابوون.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، دوای سەربڕینیان، داعش لاشەی ئەو ژنانەی خستووەتە ناو چەند زبڵدانێک.

ئەم هێزە تایبەتەی بەریتانیا لە چەند رۆژی رابردوو نزیک بوونەتەوە لە باغۆز و لەگەڵ داعش رووبەڕوو بوونەتەوە، دواتر دەستیان بە بۆردومان کردووە و 100 چەکداری داعشیان کوشتووە.

دەیلی مەیل ئاشکرایکردووە، لە دوای شکستی چەکدارانی داعش بەرامبەر بەو هێزە تایبەتەی بەریتانیا، ترسنۆکانە ژنە ئێزدییەکانیان کۆ کردووەتەوە و سەریان بڕیوون، تاکو سەربازە بەریتانییەکان بیانبینن و باری دەروونیان تێکبچێت.

سەرچاوەیەک لەو هێزە بە دەیلی مەیلی گوتووە: "هیچ کام لە سەربازانی SAS، ئەو دیمەنانە لەبیر ناکەن کە لە باغۆز بینیویانە، زۆر بە دڕندانە ئەو ژنانە بێ دەسەڵات و بێ گوناهەیان کۆمەڵکوژ کردبوو، بەڵام ئێمە هەر سوور دەبین لە کۆتایی هێنان بە داعش".

داعش لە شکستی یەکجاریی زۆر نزیکە و تەنها چەند سەد مەترێکی لە گوندی باغوز بەدەستماوە، بەڵام رەنگە ئەو کارانەی داعش بەرامبەر بە هاووڵاتیانی ناوچەکەی کردووە، ئاسان بیر نەچنەوە، وەکو برینێکی ساڕێژ نەبوو، بەردەوام ئازار بەخش بێت بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی ئەو گروپە خێزان و ژیانی لەدەستدا.

 H.J