سەرۆک بارزانی فرانسوا ئۆلاند بە دۆستێکی گەورەی کورد دەزانێت
هەڵوێستی فەرەنسا بەرامبەر بە کورد بە گۆڕینی دەمووچاوی سیاسییەکان ناگۆڕدرێت
K24 – ههولێر:
سەرۆک مەسعود بارزانی، فرانسوا ئۆلاند بە دۆستێکی گەورەی گەلی کورد دەزانێت و ستایشی پەیوەندییەکانی گەلی کورد و فەرەنسییەکان دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 25/02/2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە فرانسوا ئۆلاند سەرۆكی پێشووی فەڕەنسا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا، سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆك ئۆلاندی كرد و بە دۆستێكی گەورەی گەلی كوردستانی وەسف كرد كە لە رۆژانی سەخت و تەنگانەی شەری تیرۆردا سەردانی كوردستانی كرد و ئەو سەردانە ورە و ئومێدی گەلی كوردستانی بەرز كردەوە.
هەروەها راشیگەیاند كە گەلی كوردستان ئەو هەڵوێستە لەبیر ناكات و خۆی بە قەرزاری سەرۆك ئۆلاند دەزانێ.
سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی فەڕەنسایشی كرد كە هەمیشە پشتیوان و دۆستی مەزنی گەلی كوردستان بوونە و دۆستایەتیی لەگەڵ گەلی فەڕەنسا كە گەلێكی خاوەن پڕەنسیپە، بە شانازییەكی گەورە زانی.
هەر لەو كۆبوونەویەدا، سەرۆكی پێشووی فەڕەنسا پێزانینی بۆ قارەمانێتی و بوێری و قوربانیدانی گەلی كوردستان و پێشمەرگە هەبوو لە شەڕی دژی داعش و خۆشحاڵیی خۆشی دەربڕی كە ئێستا قۆناغێكی تر لە هەرێمی كوردستان هاتووەتە ئارا و داعش تێكشكاوە و هەڵبژاردن كراوە و پڕۆسەی دیموكراسیش لە كوردستان بەهێز و بەردەوامە.
ئۆلاند دەشڵێت کە داهاتوویەكی گەش چاوەڕوانی كوردستان دەكات و سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد کە داڵدەی ئاوارە و لێقەوماوانی دەستی تیرۆر بەتایبەت مەسیحی و ئێزدییەکانی داوە.
ئەوەیشی خستەڕوو هەڵوێستی فەڕەنسا لە بەرانبەر گەلی كوردستان نەگۆڕە و بە گۆڕانی دەموچاوی سیاسییەكان ناگۆڕێ، بەڵكو فەڕەنسا هەمیشە پشتیوانی گەلی كوردستان دەمێنێتەوە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، رۆشنایی خرایە سەر هەڕەشەی تیرۆر و تووندڕەویی لەسەر ئاسایشی جیهان و رێگەكانی نەهێشتنی هۆكارەكانی سەرهەڵدانی تیرۆر و شەڕی ئایدیۆلۆژیای تیرۆر.
هەر لەو دانیشتنەدا، بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی مەسیحی و ئێزیدییەكانی كوردستان و رەوشی ئاوارەكان و دابینكردنی ئاسایش و خزمەتگوزاری بۆ خەڵك لە ناوچە ئازادكراوەكان تاوتوێ كرا.
بارودۆخی سووریا و ئاییندەی گەلی كورد لەو وڵاتە تەوەرێكی دیكەی ئەو دانیشتنە بوو و وێڕای باسكردنی دوایین پێشهاتەكان، هەردوولا جەختیان لە پاراستنی گەلی كورد و ڕێگەگرتن لە ئاوارەبوون و ئازار و نەهامەتی زیاتر بۆ كورد لە سووریا كردەوە.
