دەستەی دەستپاکی تۆمەتبارێکی دزینی ملیاران دینار لە لوبنانەوە گەڕاندەوە

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق رایگەیاند، توانیویانە ئافرەتێکی تۆمەتباری هەڵهاتوو لە لوبنانەوە رادەستی عێراق بکەنەوە، تۆمەتبارەکە بەهۆی تێوەگلانی لە دزینی بڕی زیاتر لە 3 ملیار و 779 ملیۆن دینار لە بودجەی فەرمانگەی تەندروستیی واست، داواکراو بووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی دەستپاکی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، فەرمانگەی رادەستکردنەوە لە دەستەی دەستپاکی، دۆسیەی تایبەت بە عەلیا حەسوونی کە پێشتر فەرمانبەر بووە لە فەرمانگەی تەندروستیی واست، ئامادەیکردووە و لە رێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بۆ دەسەڵاتدارانی لوبنان ناردووە، دوای بەدواداچوون و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، تاوانبارەکە دەستگیرکراوە و لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل) رادەستی لایەنی عێراقی کراوە.

دەستەی دەستپاکی جەختیکردەوە، ئەم پرۆسەی رادەستکردنەوەیە بەرهەمی هەوڵەکانی بەدواداچوونی نێودەوڵەتی و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانە، بەتایبەت بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی لە وەزارەتی ناوخۆ، دەسەڵاتە دادوەرییەکان، دەستەی داواکاری گشتی و باڵیۆزخانەی عێراق لە لوبنان.

دەستەکە روونیکردەوە، وردەکاریی دۆسیەکە دەریدەخات عەلیا حەسوونی لە ماوەی کارکردنیدا لە فەرمانگەی تەندروستیی واست، بەشداریی لە دزینی بڕی 2 ملیار و 855 ملیۆن و 313 هەزار و 401 دینار لە بودجەی فەرمانگەکەدا کردووە، جگە لەمەش، بەشداریی لە دزینی 923 ملیۆن و 719 هەزار و 423 دیناری دیکەشدا کردووە، بەمەش کۆی گشتیی پارە دزراوەکان گەیشتووەتە 3 ملیار و 779 ملیۆن و 32 هەزار و 824 دینار.

دادگای تاوانەکانی واست - دەستەی تاوانباری یەکەم، پێشتر لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەکە کردووە، دادگا دوای پێداچوونەوە بە بەڵگە و سەلمێنراوەکان و هەڵهاتنی تۆماتبار، بەڵگەکانی بە قایلکەر زانیوە بۆ سەلماندنی تاوانی بەشداریکردن لە دزینی پارەی گشتی.

دادگا بە شێوەی غیابی حوکمی زیندانیکردنی تاهەتایی بەسەر عەلیا حەسوونیدا سەپاند، ئەمەش بەپێی مادەی 315/بڕگەی دووەم لە یاسای سزادانی عێراق و بە هەماهەنگی لەگەڵ ماددەکانی بەشداریکردن 47، 48 و 49 لە هەمان یاسا، هەروەها بڕیاریدا بە گەڕاندنەوەی 3 ملیار و 779 ملیۆن و 32 هەزار و 824 دینار بۆ فەرمانگەکە، لەگەڵ پێدانی مافی داواکردنی قەرەبوو بە لایەنی زیانلێکەوتوو دوای ئەوەی حوکمەکە پلەی کۆتایی وەردەگرێت.