به‌شار ئه‌سه‌د گه‌يشته‌ تاران

له‌گه‌ڵ عه‌لى خامه‌نه‌ئى، رابه‌رى شۆڕشى كۆمارى ئيسلامى ئێران كۆبووه‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكى سووريا، به‌شار ئه‌سه‌د به‌ سه‌ردانێك گه‌يشته‌ تاران و له‌گه‌ڵ عه‌لى خامه‌نه‌ئى، رابه‌رى شۆڕشى كۆمارى ئيسلامى ئێران كۆبووه‌وه‌.

هه‌ژمارى سه‌رۆكايه‌تى كۆمارى سووريا له‌ تويته‌ر، بڵاويكرده‌وه‌، له‌ ميانه‌ى ديدارى نێوانياندا، ئه‌سه‌د پيرۆزبايى يادى چل ساڵه‌ى سه‌ركه‌وتنى شۆڕشى كۆمارى ئيسلامى ئێرانى كردووه‌ و ستايشى رۆڵ و پێگه‌ى ئێرانى له‌ چوار ده‌يه‌ى رابردوودا كردووه‌.

له‌ هه‌ژمارى سه‌رۆكايه‌تى سووريادا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شكراوه‌، له‌ ديداره‌كه‌دا خامه‌نه‌ئى پشتيوانى وڵاته‌كه‌ى بۆ حكومه‌تى سووريا دووپاتكردووه‌ته‌وه‌، تا ئه‌و كاته‌ى ديمه‌شق به‌ ته‌واوى خاكه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى خۆى.