يه‌كێتى ره‌تيده‌كاته‌وه به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌ى سبه‌ى په‌رله‌مان بكات
بڕياره سبه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان كۆببێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
بڕياره سبه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان كۆببێته‌وه، بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌ندامانى ليژنه‌ى ياسايى و له‌و باره‌يه‌وه، يه‌كێتى نيشتمانى كوردستان رايگه‌ياند، فراكسيۆنه‌كه‌يان سبه‌ى به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان ناكات.
ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌ياند، به گوێره‌ی حوكمی بڕگه‌ی یه‌ك له مادده‌كانى 16 و 47ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، سبه‌ی دانیشتنی ژماره یه‌كی نائاسایی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان راشیگه‌یاندووه، به‌رنامه‌ی كاری كۆبوونه‌وه‌كه بریتی ده‌بێت له پێكهێنانی پێكهێنانی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مان به‌پێی حوكمى مادده‌كانی (28 و 29)، له په‌یڕه‌وى ناوخۆی په‌رله‌مانى كوردستان.
له‌و باره‌يه‌وه، له‌تیف شێخ عومه‌ر گوته‌بێژی یه‌كێتی به میدیاكانی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاند، ئه‌وان له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی رابردوویان سوورن و به گوێره‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی پێشكه‌شيان كردووه، تا چاكسازی سیاسی نه‌كرێت به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان ناكه‌ن. گوته‌بێژی یه‌كێتی جه‌ختیشی كرده‌وه، كه بڕیاره له‌گه‌ڵ پارتی كۆببنه‌وه، به‌ڵام كاته‌كه‌ی دیارینه‌كراوه.