وەزیری دەرەوەی ئێران دەستی لەكاركێشایەوە
محەمەد جەواد زەریف نامەیەك بڵاو دەكاتەوە
K24 - ھەولێر
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران وازهێنانی لە پۆستەكەی راگەیاند.
زەریف شەوی رابردوو، لە پەیامێكدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرامی بڵاوی كردەوە، دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی وەزیری دەرەوەی ئێران راگەیاند.
ئەو پەیامەی زەریف كە بەبۆنەی رۆژی دایك لە ئێران بڵاوی كردەوە تێیدا جگە لە پیرۆزبایی ئەو رۆژە لە خەڵكی ئێران، داوای لێبوردن دەكات و نووسیویەتی "ناتوانم درێژە بە ئەرك و كارەكانم بدەم و لە تەواوی كەموكوڕییەكانم لە ماوەی كاركردنمدا داوای لێبوردن دەكەم".
تائێستا لەو بارەوە ھیچ راگەیەندراوێكی فەرمی لە حكوومەتی ئێران بڵاونەكراوەتەوە، بەڵام ھاوكات عەباس موسەوی، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتڕاستیکردەوە کە محەممەد جەواد زەریف دەستی لەکارکێشاوەتەوە.
محەمەد جەواد زەریف ساڵی 2013 وەك وەزیری دەرەوەی ئێران لە كابینەكەی حەسەن روحانی دەستبەكاربوو و سەرۆكی شاندی ئێران بۆ دانووستانە ئەتۆمییەكانی ئێران بوو.
ھ.م